رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا، رایدەگەیێنێت کە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق، بەڵێنی پێدراوە ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، داوایان کردووە بابەتی مووچە و داهاتی ناوخۆ لە یەکدی جیا بکرێنەوە تاوەکو گوشار لەسەر بژێویی خەڵک دروست نەبێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا لە زنجیرە سەردانێکدا بۆ وەزارەتەکانی دارایی، کشتوکاڵ، تەندروستی و دەرەوە، چەندین پرسی هەستیاری لەگەڵ بەرپرسانی باڵا تاوتوێ کرد و ناوەڕۆکەکەشی بۆ هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا ئاشکرا کرد.
میکانیزمی نوێ بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان
پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەک گرنگترین تەوەری کۆبوونەوەکان، لە وەزارەتی دارایی لەگەڵ فالح ساری تاوتوێ کرا. شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد کە بڕینی بڕێک پارە لە مووچەی مانگانە، بارگرانییەکی زۆری دروست کردووە و گوتی: "پێویستە مووچە وەک خۆی بنێردرێت؛ پێشنیازمان کردووە لەبری بڕی جێگیری 120 ملیار دینار، تەنیا نیوەی داهاتە راستەقینە نانەوتییەکان رادەستی بەغدا بکرێت."
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، وەزیری دارایی ئامادەیی بۆ هاوکاری دەربڕیوە و گوتی: "وەزیر بە روونی گوتی کە لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان جیاواز دەبێت لە وەزیری پێشوو و بنەمای کارکردنیان دادپەروەری دەبێت."
کەرتی کشتوکاڵ و کێشەی گەنمی جووتیاران
لە وەزارەتی کشتوکاڵ، پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و کێشە ئەمنییەکانی ناوچە دابڕێنراوەکان باس کران. شاخەوان عەبدوڵڵا جەختی لەسەر زیادکردنی رێژەی وەرگرتنی گەنم کردەوە. سەبارەت بە دۆخی جووتیارانی کەرکووک، ئاشکرای کرد کە وەزیر دڵنیایی داوە ئەمساڵ کێشەی دروێنەیان بۆ دروست نەبێت و رێنمایی بە کشتوکاڵی کەرکووک داوە رێگە بە جووتیاران بدەن زەوییەکانیان بدوورنەوە. ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە کێشەکە زیاتر "ئەمنی بووە نەک کشتوکاڵی" و هەوڵ بۆ چارەسەری ریشەیی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس دەدرێت.
بازگەکان و سیستەمی ئەسیکۆدا
یەکێکی دیکە لە گرفتەکان، رێگرییەکانی بازگەکان و گەندەڵی بوو لە گواستنەوەی کاڵا بازرگانییەکاندا. شاخەوان عەبدوڵڵا داوای کردووە لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر سیستەمی "ئەسیکۆدا" ببێتە رێککەوتنێکی فەرمی تاوەکو ئەو بازگانەی بوونەتە سەرچاوەی گەندەڵی کۆتایییان پێ بێت و چیدیکە بازرگانان ناچار نەبن هەرێم چۆڵ بکەن.
چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان و رۆڵی ئەمریکا
لە بابەتێکی دیکەدا، پرسی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و داهاتووی گرووپە چەکدارەکان باس کرا. شاخەوان عەبدوڵڵا ئاشکرای کرد کە هەندێک گرووپ دەیانەوێت فێڵ بکەن و ئەو چەکانەی رادەستی دەکەن هی خۆیان نین، بەڵکو هی وڵاتێکی ناوچەکەن کە نایەوێت چەکەکان دابنرێن.
ئەو جەختی کردەوە کە لایەنی ئەمریکا بە تەواوی ئاگاداری ئەم یارییەیە و ژمارەی چەکەکانیشیان لەبەردەستە. ئەمە نیشانی دەدات کە پڕۆسەی چەکدانان گەیشتووەتە قۆناخــێکی هەستیار و پێویستی بە هاوئاهەنگیـی نێودەوڵەتی هەیە.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)