رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، بە تەلەفۆن گفتوگۆیان لەبارەی هۆکارەکانی هێرشى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و پێشهاتە چاوەڕوانکراوەکان کرد.
8ی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێنراوێکی لەبارەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راگەیێنراوەکە، لەو پەیوەندییەدا عەباس عێراقچی باسی لە وردەکارییەکانی پەیوەندیدار بە جەنگی ئێستا کردووە و بە وردی ئاماژەى بە هۆکارەکانی هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەر ئیسرائیل کردووە.
شەوی 7ی حوزەیرانی 2026، کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشی مووشەکیی کردە سەر ئیسرائیل. وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە، فوئاد حوسێن و عەباس عێراقچی تاوتوێی پێشبینییەکانیان کردووە بۆ کاردانەوەی ئیسرائیل لە قۆناخی داهاتوودا، هەروەها باسیشیان لە دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کردووە.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە کە هەردوو وەزیرەکە باسیان لە گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردووە بۆ کەمکردنەوەی بارگرژی و بەهێزکردنی سەقامگیریی هەرێمی، ئەوەش بە پەیوەندیکردن لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بۆ ئەوەی رۆڵی کاریگەریان هەبێت لە پاڵپشتیی هەوڵەکان بۆ ئاشتی.
![عەباس عێراقچی [لای راست] و فوئاد حوسێن.](/_next/image?url=https%3A%2F%2Fimages.rudaw.net%2Fimages%2Fasset%2Fnews%2F20260608014411_11.jpg&w=3840&q=75)



