رووداو دیجیتاڵ
رۆژانە 170 هەزار لیتر بەشە بەنزینی کەرکووک کەمکرایەوە و نوێنەرێکی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئێستا لە کەرکووکەوە بەنزین رەوانەی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، وەزارەتی نەوتی عێراق بەشە بەنزینی زۆربەی پارێزگاکانی عێراقی کەمکردووەتەوە؛ لەوانەش ئێستا رۆژانە 170 هەزار لیتر لە بەشی کەرکووک کەمکراوەتەوە.
پێشتر بەشی کەرکووک یەک ملیۆن و 920 هەزار لیتر بەنزین بوو، ئێستا بۆ یەک ملیۆن و 750 هەزار لیتر کەمکراوەتەوە.
دیلان غەفوور، نوێنەری پارێزگای کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 14ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قسە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین و تەواوی هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، تاوەکو کەرکووک بەشە بەنزینی تەواوی خۆی بۆ بگەڕێتەوە."
هەر لەو بارەیەوە، هەڵۆ جەباری، نوێنەری کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە کەمبوونەوەی بڕی 170 هەزار لیتر بەشە بەنزینی رۆژانەی بۆ کەرکووک، بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە بەشێکی زۆری پاڵاوگەکانی باشووری عێراق لەکارکەوتوون و بەهۆی نزیکبوونەوەی یادی عاشووراشەوە بەکاربردنی بەنزین زیادی کردووە، تەنانەت ئێستا لە کەرکووکەوە بەنزین رەوانەی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە دەکرێت.
هەڵۆ جەباری هەروەها رایگەیاند، "نەک تەنیا بەشە بەنزینی کەرکووک، بەڵکو بەشە بەنزینی زۆربەی پارێزگاکان کەمکراوەتەوە، وەک نەینەوا، دیالە، سەلاحەدین و بەغدا."
ئەو نوێنەرەی کەرکووک ئاماژەی بەوەش کرد، تەواوی هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ و ئیدارەی خۆجێییش پلانی پێویستی هەیە و چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو کێشەکە چارەسەر بکرێت.



