رووداو دیجیتاڵ
دوو کەس لە پارێزگای دیالە بە تۆمەتی فێڵکردن لە هاووڵاتییان دەستگیرکران کە یەکێکیان وڵاتینامەی ئوردنی هەیە. ئەو دوو تۆمەتبارە خۆیان وەک کەسی خێرخواز ناساندووە تاوەکو لە رێگەی "خەواندنی موگناتیسی"یەوە پارە و زێڕی خەڵک بدزن.
عەمید هەیسەم شەمەری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە، رۆژی دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026 بە رووداوی راگەیاند: "زانیاریمان لە یەکێک لە سەرچاوەکانمانەوە بەدەست گەیشت سەبارەت بە بوونی دوو کەس کە بە شێوەزاری خەلیجی قسەیان دەکرد. بەو جۆرە باس کرا کە لە ناوچەی تەحریر بەدوای خێزانە هەژارەکاندا دەگەڕان بە مەبەستی یارمەتیدانیان."
بە سەرپەرشتی و بەدواداچوونی راستەوخۆی لیوا محەممەد کازم عەتییە، فەرماندەی پۆلیسی دیالە، یەکەکانی بنکەی پۆلیسی تەحریر بە هاوئاهەنگی هەواڵگریی ناوچەکە، توانییان ئەو دوو تۆمەتبارە دەستگیربکەن کە بە شێوازێکی رێکخراو خەریکی فێڵکردن و بردنی ماڵی هاووڵاتییان بوون.
گوتەبێژی پۆلیسی دیالە رایگەیاند: "دەستبەجێ تیمێک پێکهێنرا و تۆمەتباران راکێشران بۆ یەکێک لەو ماڵانەی هەوڵیان دەدا تێیدا لە رێگەی خەواندنی موگناتیسییەوە هاووڵاتییان بخەوێنن و خشڵە زێڕینەکان و بڕە پارەکانیان بدزن." دوای چاودێرییەکی ورد، پۆلیس توانی لەوێدا دەستگیریان بکات.
عەمید هەیسەم شەمەری گوتیشی: "یەکێک لە قوربانییەکانی پێشووی تۆمەتباران بانگهێشت کرا و ناسینیەوە، کە ماوەیەک لەمەوبەر هەمان تۆمەتباران پارە و خشڵی زێڕینیان لێ دزیبوو."
سەبارەت بە ناسنامەی تۆمەتبارەکان، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە ئاشکرای کرد: "تۆمەتبارەکان دوو کەس بوون؛ یەکێکیان لەدایکبووی 1983ـی پارێزگای بەغدایە. ئەوی دیکەشیان لەدایکبووی 1985ـە و خاوەن وڵاتینامەی ئوردنە و بە شێوەیەکی یاسایی هاتووەتە عێراق."
لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە ئەو دوو کەسە لە گەڕەکی تەحریر گەڕاون و بەو ناوەی بەدوای خێزانە هەژارەکاندا دەگەڕێن تاوەکو هاوکارییان بکەن، فێڵیان لە خەڵک کردووە و دواتر بە "خەواندنی موگناتیسی" دەستیان بەسەر پارە و کەلوپەلە بەنرخەکانیاندا گرتووە.
ئێستا تۆمەتبارەکان بەپێی مادەی (456) لە یاسای سزاکانی عێراق راگیراون و رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و رووبەڕووکردنەوەیان بە دادگا.



