رووداو دیجیتاڵ
یەکەم باری بازرگانی بە سیستمی تیر لە رێگەی دەروازەی رەبیعە لە نەینەواوە چووە نێو خاکی عێراق و لەوێوە دەربازی خاکی کوێت دەبێت.
دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: یەکەم باری ترانزێت بە سیستمی تیر لە رێگەی دەروازەکەوە تێپەڕ بووە بۆ ناو خاکی عێراق و بەرەو دەروازەی سەفوان لە پارێزگای بەسرە دەڕوات، بۆ ئەوەی لەوێوە بچێتە ناو خاکی کوێتەوە.
سیستمی رێگەی گواستنەوەی نێودەوڵەتی کە بە (تیر) ناسراوە، سیستمێکی نێودەوڵەتیی ترانزێتى بازرگانییە و تایبەتە بە چاودێریکردنی گواستنەوەی کاڵا لە رێگەی وشکانی، کە لە شوێنی دەرچوونییەوە تۆمار دەکرێت تاوەکو ئەو شوێنەی بارەکەی بۆ هەناردە دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رایگەیاند، پشت بە سیستمی بەدواداچوونی ئەلیکترۆنی (GPS) دەبەسترێت لە چاودێریکردنی ئەو بارە لە ناو خاکی عێراقدا، بەبێ یاوەری و پاسەوانی گومرگ و دەڵێت: "ئەو هەنگاوە گرنگە بۆ فراوانکردنی تێپەڕینی بارەکان بە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکاندا لە رێگەی خاکی عێراقەوە."
لە دوای زیاتر لە 12 ساڵ لە داخستنی، لە 20ی نیسانی ئەم ساڵ دەروازەی رەبیعە لەنێوان پارێزگای نەینەوا و سووریا بەڕووی هاتووچۆی گەشتیاری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی کرایەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)