رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری میسان دەڵێ، سەرەڕای ئەوەی پارێزگاکەیان رۆژانە 750 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، بەڵام حکومەتی فیدراڵی لە 2019ـەوە هەشت ترلیۆن دیناری "پترۆدۆلار"ی پارێزگاکەی نەداوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە مەترسیی وشکبوونی دووبارەی زۆنگاوەکانی پارێزگاکەی هەیە.
رۆژی چوارشەممە، 17ی حوزەیرانی 2026، حەبیب زاهیر فەرتووسی، پارێزگاری میسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەو بارانە زۆرەی لە مانگەکانی نیسان و ئایاری ئەم ساڵ باری، زۆنگاوەکان بە رێژەی 50% بووژانەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمیی بەردانەوەی ئاوەوە، کەمبوونەوەی ئاویان دەستیپێکردووەتەوە."
لە پارێزگای میسان کۆمەڵێک زۆنگاوی گەورە هەن وەک زۆنگاوی حەوێزە، زۆنگاوەکانی رۆژئاوای دیجلە، زۆنگاوی سەعدییە، زۆنگاوی عوزێم و زۆنگاوی کەسارە. بە گوتەی پارێزگاری میسان، ئەو زۆنگاوانە بژێوی "سەتان خێزانیان لەسەرە."
پارێزگاری میسان گوتی، "بەهۆی تێپەڕبوونی وەرزی باران و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، رۆژانە نزیکەی 1.5 بۆ 2 سانتیمەتر ئاوی زۆنگاوەکان بەهۆی بەهەڵمبوونەوە کەم دەبێتەوە. ئەگەر پشکی ئاوی جێگیر بۆ زۆنگاوەکان دابین نەکرێ، وشکەساڵی دەگەڕێتەوە."
حەبیب فەرتووسی باسی لەوە کرد، "زۆنگاوەکان لە لیستی کەلەپووری جیهانیی (یونسکۆ)دان و پێویستە پشکی ئاویان پارێزراو بێت، بۆ ئەوەی رێگری لە لەنێوچوونی سامانی ماسی و ئاژەڵەکان بکرێت، هاوشێوەی ئەو کارەساتەی لە ساڵانی رابردوودا روویدا."
پارێزگاری میسان گوتی، "وەزیری سەرچاوەکانی ئاو بەڵێنی داوە پشکێکی تایبەت بە ئاو بۆ زۆنگاوەکان تەرخان بکات."
هەشت ترلیۆن دینار قەرز و بێکاریی گەنجان
پارێزگاری میسان گلەیی لە حکومەتی فیدراڵی کرد و رایگەیاند، "میسان دوای بەسرە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە عێراق و رۆژانە 750 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت، بەڵام حکومەتی فیدراڵی لە ساڵی 2019ـەوە زیاتر لە هەشت ترلیۆن دینار قەرزی پترۆدۆلاری پارێزگاکەمانی نەداوە."
سەبارەت بە دۆخی بژێویی خەڵک، حەبیب فەرتووسی ئاشکرای کرد کە بەپێی خەمڵاندنەکانیان رێژەی بێکاری لەنێو گەنجانی پارێزگاکەدا گەیشتووەتە "50%یان زیاتر؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە، "زۆربەی دانیشتووانی میسان پیشەیان کشتوکاڵە، بەڵام بەهۆی کێشەی ئاوەوە چی دیکە ناتوانن کار بکەن، دەرچووانی زانکۆکانیشمان بێ دامەزراندن ماونەتەوە."
لەبارەی دۆخی ئەمنیی پارێزگاکە و شەڕی هۆزەکان، پارێزگاری میسان گوتی، "میدیاکان بەجۆرێک وێنەیەکی ناڕاستیان لەسەر میسان دروستکردووە، وەک ئەوەی ئێرە چەقی کێشە خێڵەکییەکان بێت."
پارێزگاری میسان گوتی، "بەهۆی هەوڵی هێزە ئەمنییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە خێڵەکییەکان بەپێی مادەی 4ی یاسای دژە تیرۆر، ململانێکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە و سەقامگیری بۆ پارێزگاکە گەڕاوەتەوە."




