رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەشی بیناسازی و چاکسازی لە مانگی سووری عێراق هۆشداری لە زیادبوونی پیسبوونی ئاوی رووبارەکانی عێراق دەدات و دەڵێ، زۆربەی وێستگەکانی پاڵاوتنی پاشەڕۆ پەکیان کەوتووە.
رۆژی چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026 نەوار عەبدولقادر، بەڕێوەبەری بەشی بیناسازی و چاکسازی لە مانگی سووری عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆی 72 وێستگەی گەورەی پاڵاوتن و چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ لە عێراق، تەنیا 20% بۆ 30%یان بە شێوەیەکی کارا کار دەکەن."
ئەو بەرپرسەی مانگی سوور ئاماژەی بەوە کرد، سێ هۆکاری سەرەکی لە پشت قەیرانی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەن لە عێراق و گوتی، "نەبوونی بودجەی پێویست بۆ چاکسازی و بەردەوامیدان بە کارەکان، گەشەی خێرای دانیشتووان کە وایکردووە وێستگەکان زیاتر لە توانای خۆیان کار بکەن، لەگەڵ فراوانبوونی شارەکان بێ پلان کە وایکردووە گەڕەکە نوێیەکان پاشەڕۆکانیان راستەوخۆ بڕژێتە نێو رووبارەکان."
نەوار عەبدولقادر نەخشەی پیسبوونی ئاوی عێراقی بۆ پێنج ناوچەی سەرەکی دابەش کرد:
- ناوچەی مەدائین لە باشووری بەغدا کە دوایین خاڵی بەیەکگەیشتنی رووباری دیالە و دیجلەیە، کە بە "چەقی پیسبوونی رووباری دیالە" باسی کرد.
- ناوچەی کوت (عەزیزیە و سوێرە): "ساڵانە تووشی قەیرانی مردنی ماسی دەبن."
-فوراتی نێوەڕاست: "پیسبوونەکەی زیاتر کیمیاییە و بەهۆی بەکارهێنانی جۆری خراپی پەیین و مادەی (نترۆس)ـەوەیە لە کشتوکاڵ.
- زۆنگاوەکان: "بوونەتە قوربانیی پاشەڕۆکان."
- بەسرە: وەک "کۆتایی رێگەی رووبارەکان هەژمار دەکرێ و هەموو پاشەڕۆ و ژەهرەکانی نێو دیجلە و فوراتی تێدا کۆدەبێتەوە."
مەترسیی پاشماوە پزیشکییەکان و نەخۆشییەکان
بەڕێوەبەری بەشی چاکسازیی مانگی سوور تیشکی خستە سەر "مەترسیدارترین جۆری پیسبوون" کە ئەویش پاشماوەی پزیشکییەکانە و گوتی: "ئەم پاشەڕۆیانە مادەی کیمیایی زۆر مەترسیداری وەک (POPs)یان تێدایە کە ناتوانرێ بە ئاسانی چارەسەر بکرێن. ئەم مادانە دەگوازرێنەوە بۆ خاک و دواتر بۆ نێو میوە و سەوزە و ئاوی خواردنەوە، کە هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و شێواوی کۆرپەلەن لە باشووری عێراق."
نەوار عەبدولقادر بە پشتبەستن بە ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی ژینگەی عێراق ئاشکرای کرد کە "رۆژانە شەش ملیۆن مەتر سێجا پاشەڕۆ و ئاوەڕۆی شارەکان بێ هیچ پاڵاوتن و چارەسەرکردن، راستەوخۆ دەرژێتە نێو رووبارەکان."
سەبارەت بە رۆڵی مانگی سوور لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، نەوار عەبدولقادر رایگەیاند، مانگی سووری عێراقی لە رێگەی دانانی وێستگەی بچووکی پاڵاوتن بە تەکنەلۆژیای (MBR) و ناردنی تیمی پزیشکی گەڕۆک و هەڵمەتی هۆشیاری، هەوڵی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو پیسبوونە دەدات، بەڵام دەڵێت، چارەسەری بنەڕەتی "پێویستی بە بڕیاری سیاسی و بودجەی گەورەی دەوڵەت"ە بۆ نۆژەنکردنەوەی تەواوی ژێرخانی ئاو و ئاوەڕۆی وڵاتەکە.
پیسبوونی ئاو هۆکاری سەرەکیی نەخۆشیی مەترسیدارە
سەبارەت بە کاریگەرییە تەندروستییەکانی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە، د. عەبدوڵڵا حەمەد، پسپۆڕ لە بواری پیسبوونی ئاو بە رووداوی گوت، "ئەو ئاوە پیسبووانە کاریگەری گەورەیان لەسەر مرۆڤ، ئاژەڵ و رووەک هەیە و هۆکاری سەرەکیی چەندین نەخۆشیی مەترسیدارن لە مرۆڤ."
د. عەبدوڵڵا دەڵێ، "دیارترین ئەو کانزا قورسانەی لە رێگەی پاشماوەکانەوە دەچنە نێو ئاوی خواردنەوە و رووبارەکانەوە. کادیمیۆم، قوڕقوشم و ئارسنیک کە هەرسێکیان لە نێو جەستەی مرۆڤدا هەن، بەڵام کاتێک کە رێژەکەی بەرز دەبێتەوە، دەبێتە هۆی نەخۆشیی مەترسیدار."
ئەو پسپۆڕە نموونەیەکی لەو کانزایانە هێنایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، قوڕقوشم لە جەستەی مرۆڤدا بەرپرسە لە بەهێزکردنی کۆئەندامی دەمار، بەڵام کاتێک کە رێژەکەی بەشێوەیەکی نائاسایی بەرزدەبێتەوە، سەرەتا کاریگەری لەسەر سەرنجی مرۆڤ هەیە و لاوازی دەکات، دواتر رەنگە تووشی شێرپەنجەی جگەر و گورچیلەی بکات.


.jpg&w=3840&q=75)

