رووداو دیجیتاڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە، ئەنجامی سەردانەکەی تۆم باراک نێردەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ عێراق تاوتوێ دەکات و داواش دەکات پەلە بکرێت لە تەواوکردنی کابینەی حکومەت. شەوی رابردوو، 17-06-2026، چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە، کۆبوونەوەی خولیی ژمارە 281ی خۆی لە نووسینگەی شێخ هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بە ئامادەبوونی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و دوایین پێشهاتە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی عێراق تاوتوێ کران. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوایین رێکارەکانی حکومەت و ئەو دۆسیانەی لەژێر بەدواداچووندان بۆ ئامادەبووان خستەڕوو. هەروەها باس لە ئەنجامەکانی سەردانەکەی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا و ئەو گفتوگۆیانە کرا کە لەگەڵ حکومەت کردوونی. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پرسی تەواوکردنی کابینەی حکومەت تاوتوێ کرا. چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتی لە "گرنگیی خێراکردنی ئەم پرسە" کردەوە، بۆ ئەوەی "حکومەت زیاتر کارا بێت و پێداویستییەکانی کارنامەی وەزاریی و داواکارییەکانی هاووڵاتییان جێبەجێ بکرێن". رۆژی 14ی ئایاری 2026، لە پەرلەمانی عێراق دەنگدان بۆ بەربژێری وەزارەتەکانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بەڕێوە چوو و جگە لە پەسندکردنی کارنامەکەی عەلی زەیدی، 14بەربژێر دەنگی پێویستیان بۆ بوونە وەزیر بەدەستهێنا و 5 بەربژێریش رەتکرانەوە و ئەوانی دیکەش نەخرانە دەنگدانەوە. نۆ وەزارەت ماوە دەنگیان لەسەر بدرێت. هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پەرلەمانی عێراق لە پشووی یاسادانانە و تاوەکو سەرەتای مانگی 7 کۆنابێتەوە بۆ دەنگدان بە تەواوکردنی کابینەی وەزاریی عەلی زەیدی.
عێراق18-06-2026لە مانگێکدا نزیکەی 30 هەزار گرێبەستی هاوژینی و شەش هەزار جیابوونەوە لە عێراق تۆمار کراون