رووداو - دیجیتاڵ
لەسەر بڕیاری سەندیکای پزیشکانی ددانی عێراق، مانگرتنێکی سەرتاسەری نۆرینگەکان دەستیپێکرد؛ پزیشکان ناڕەزایەتی بەرامبەر جێبەجێنەکردنی یاسای دامەزراندن،
بەرزیی ڕێژەی باج و مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ پیشەکەیاندا دەردەبڕن. پزیشکانی بایکۆتکار دەڵێن، سێ ساڵە حکومەت یاسای پابەندکەری دامەزراندنی پەکخستووە،
ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی ٣٦ هەزار پزیشک کە نە دەدەمەزرێن و نە ڕێگەیان پێدەدرێت نۆرینگەی تایبەتی خۆیان بکەنەوە.
دکتۆر ئەکرەم فەیسەڵ، یەکێکە لەو پزیشکانەی خاوەنی نۆرینگەی تایبەتە و بایکۆتی کردووە، ئەو لەبارەی هۆکاری داخرانی نۆرینگەکەی بە رووداوی گوت:
"حکومەت دەستی دەستیمان پێدەکات. یاسا جێبەجێناکرێت، بۆیە سەندیکا بڕیاریدا بۆ ماوەی رۆژێک نۆرینگە دابخەین تاوەکو بیکەینە بابەتێکی گشتی، بەڵکو حکومەت بیبیستێ و رێکارەکان دەستپێبکات."
سەندیکای پزیشکانی ددانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە مامەڵەی لایەنە حکومییەکان لەگەڵ نۆرینگەی پزیشکی وەک "دوکانی ئاسایی"یە، نەک شوێنێکی پسپۆڕی و تەندروستی.
ئەرکان مسلم، نەقیبی سەندیکای پزیشکانی ددانی عێراق دەڵێت: "داوا دەکەین یاسای دەرچوانی بەشە پزیشکیەکانی ژمارە 6ی ساڵی 2000 جێبەجێبکرێت ئەو یاساییە پابەندکەرە
مافی دەرچوان دەدات هەروەها پارەی زۆر لە نۆرینگەکانی پزیشکانی ددان وەردەگیرێت لەلایەن شارەوانی و باج، چونکە مامەڵەی تایبەتمەند لەگەڵ
نۆرینگەکانی ددان ناکرێت وەکو دوکانێکی ئاساییە کە ئەمە نۆرینگەی ددانە تایبەتمەندی گەورەی هەیە."
بەپێی ئامارەکان، ماوەی سێ ساڵە پڕۆسەی دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی ددان راگیراوە و ژمارەی ئەو پزیشکانەی لەو ماوەیەدا دەرچوون و بێکارن گەیشتووەتە 36 هەزار پزیشک.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە عێراقدا زیاتر لە 15 هەزار نۆرینگەی تایبەتی پزیشکی ددان تۆمارکراون و ئەوانیش بەهۆی رێژەی باج و کێشەی کارگێڕییەوە ناڕازاین.
گرێکوێرەی یاسایی لە شەقامی 'کندی' شەقامی "کندی" لە بەغدا، کە بە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی پزیشکی و نۆرینگەکان دادەنرێت، ئەمڕۆ بێدەنگییەکی پێوەدیارە. کێشەی سەرەکیی ئەو پزیشکانەی هێشتا دانەمەزراون
تەنیا مووچە نییە، بەڵکو بەربەستێکی یاساییە؛ بەپێی یاسا، هەر پزیشکێک ئەگەر بۆ ماوەی سێ ساڵ خزمەتی لە کەرتی حکومیدا نەبێت، ناتوانێت نە لە پسپۆڕییەکەی خۆیدا لە کەرتی
تایبەت کار بکات و نە نۆرینگەی تایبەتیش بەخۆی بکاتەوە. ئەمە وایکردووە هەزاران پزیشکی گەنج لە نێوان بێکاریی حکومی و قەدەغەی کاری تایبەتدا گیر بخۆن.


