رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بەردەوامە لە گۆڕانکاریکردن لە پۆستە باڵا حکومییەکان و گۆڕانکاری لە پۆستەکانی پارێزگاری بانکی ناوەندی و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دا کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەکی باڵا لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە بڕیاری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، قاسم عەبوودی، لە شوێنی قاسم ئەعرەجی، پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق وەردەگرێت.
هەر بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی رووداو، نزار ناسر، لە شوێنی عەلی عەللاق، پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق وەردەگرێت.
نزار ناسر، پێشتر سەرۆکی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی تیرۆر بوو لە بانکی ناوەندیی عێراق. هەروەها قاسم عەبوودی، پێشتر چەندین پۆستی هەبووە، لەوانە گوتەبێژ و بەڕێوەبەری یاسایی لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و ئەندامی باڵای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بووە.
سەرچاوەکەی رووداو باسی لەوە کرد کە ئەمڕۆ بڕیارەکان دراون و لە رۆژی یەکشەممەوە بە فەرمی گۆڕانکارییەکان دەکرێن. قاسم عەبوودی و نزار ناسر پۆستەکانیان وەردەگرن.
هەر ئەمڕۆ، بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسم بەدری لە شوێنی عەبدولکەریم بەسری، پۆستی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی وەرگرت.



