رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەو هەڵوێستە مرۆیی و نیشتمانییەی خەڵکی هەڵەبجە لە کاتی خنکانی کچە گەشتیارێکی شاری کەربەلا نیشانیان دا، پارێزگای کەربەلا بڕیاری دا وەک "رێز و وەفا" بۆ هەڵەبجەییەکان، یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی نێو شارەکە بەناوی (هەڵەبجە)وە ناو بنێت.
عەلی مەیالی، جێگری پارێزگاری کەربەلا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ستایشی رۆڵی خەڵکی هەڵەبجە و پارێزگارەکەی دەکەین بۆ ئەو میواندۆستی و هاوخەمییەی کە بەرامبەر بە کەسوکاری کچە خنکاوەکەی کەربەلا نیشانیان دا، هەڵوێستێکی مەزنی مرۆیی و نیشتمانی بوو کە ئێمەی خەجاڵەت کرد."
مەیالی ئاماژەی بەوە کرد، نسەیف خەتابی، پارێزگاری کەربەلا، بە فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە بۆ دیاریکردنی یەکێک لەو شەقامە سەرەکییانەی ئێستا کاری پەرەپێدانی تێدا دەکرێت، تاوەکو بە ناوی "هەڵەبجە"وە بکرێت. گوتیشی، "ئەمە کەمترین شتە کە بتوانین بەرامبەر ئەو هەموو رێز و هاوسۆزییەی هەڵەبجەییەکان بیکەین."
جێگری پارێزگاری کەربەلا دەڵێت، "هەڵەبجە و کەربەلا خاوەن یەک برینن، هەڵەبجەییەکان چونکە خۆیان مەزڵوومییەتیان چەشتووە، باشتر لە هەموو کەس لە ئازاری کەسانی دیکە تێدەگەن، بۆیە ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیان لێ چاوەڕوانکراو بوو."
عەلی مەیالی رایگەیاند، دوای تەواوبوونی مەراسیمەکانی عاشورا و سەردانی ملیۆنیی گەشتیاران بۆ کەربەلا، پارێزگار سەردانی هەڵەبجە دەکات "بۆ دەربڕینی سوپاسگوزاری" بۆ بەرپرسان و خەڵکی هەڵەبجە.
روقیەی تەمەن 11 ساڵ، 9ـی ئەم مانگە لەگەڵ ماڵباتەکەی بۆ گەشتکردن لە کەربەلاوە چووبوونە سەیرانگەی زەڵم، بەڵام لە ئاوی سەرچاوەی زەڵمدا خنکا. دوای چەندین رۆژ گەڕان و هاوخەمی بەرپرسان و هاونیشتمانییانی هەڵەبجە، پێرێ تەرمەکەی دۆزرایەوە و دوێنێش بە رێوڕەسمێک تەرمەکەی رەوانەی کەربەلا کرا.
ئەو کارەی هەڵەبجەییەکان کاردانەوەی ئەرێنیی فراوانی لە شەقامی عێراقی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدوای خۆیدا هێنا.



