رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێ، بانکی رافیدەین ئامادەکارییەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی پێدانی پێشینە تەواوکردووە و بڕیارە لەمڕۆ شەممەوە لەرێگەی ئەپلیکەیشنێکی ئەلیکترۆنییەوە دەست بە وەرگرتنی داواکارییەکان بکرێ.
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێ: "پێشکێشکردن بۆ پێشینەکان لە رێگەی ئەپلیکەیشنی (سوپەر کی) دەبێت و لە رۆژی شەممە (24ی تشرینی یەکەمی 2026)ەوە دەستپێدەکات".
ئەم بڕیارە فەرمانبەرانی مەدەنی، سەربازی و خانەنشینان دەگرێتەوە کە مووچەکەیان لە بانکی رافیدەین وەردەگرن.
بەپێی رێنماییە نوێیەکان، لە هەر قۆناخێکدا تەنیا پێنج هەزار داواکاری وەردەگیرێن، کاتێک ژمارەکە گەیشتە ئەو ئاستە، لینکەکە بە شێوەیەکی کاتی دادەخرێ تاوەکو فەرمانبەرانی بانکەکە بتوانن وردبینی لە زانیارییەکان بکەن.
دوای تەواوبوونی مامەڵەکان، بڕی پارەی پێشینەکە دەخرێتە سەر ئەژماری بەکارهێنەرانی شایستە و دواتر لینکەکە کارا دەکرێتەوە.
بانکی رافیدەین دەڵێ: "داخستنی کاتیی لینکەکە تەنیا بۆ مەبەستی رێکخستنە و بە مانای راگرتنی خزمەتگوزارییەکە نایەت".
بانکەکە هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات کە تەنیا لەرێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە داواکاری پێشکێش بکەن و پارە نەدەنە هیچ کەس و لایەنێک کە بەڵێنی خێراکردنی مامەڵەکانیان پێ دەدەن.
بڕی پێشینەی بانکەکە لە 5 ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 10 ملیۆن دینار، بە سودی ساڵانەی 6٪ و دەبێت لە پێنچ ساڵدا قەرزەکە بداتەوە.


