رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، پاڵپشتیی خۆیان بۆ حکومەتی بەغدا راگەیاند و هۆشدارییان دا لەوەی هەر زیادکردنێک لە پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان بەبێ رادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان لەژێر چاودێریی فیدراڵیدا، بە هەڵوێستی تووندی پەرلەمانی وەڵام دەدرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، گرووپێک لە پەرلەمانتارانی عێراق کە نوێنەرایەتیی پارێزگاکانی بەغدا، ناوەڕاست، باشوور، ئەنبار، سەڵاحەدین، نەینەوا و پارێزگاکانی دیکە دەکەن، راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتکردەوە لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، بە جۆرێک کە "رێگری لە هەر هەوڵێک بۆ باڵادەستبوونی بەرژەوەندیی حیزبی بەسەر سەروەری و سامانی گشتیدا" بکرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا لەبارەی پرسی بودجەوە هاتووە: "بودجەی فیدراڵی دەروازەی سازشی سیاسی نییە، بەڵکو مافێکی دەستووریی سەرجەم عێراقییەکانە؛ بۆیە هەر زیادکردنێک لە تەرخانکراوە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بەبێ تۆمارکردنی سەرجەم داهاتی دەروازە سنوورییە فەرمی و نافەرمییەکان، داهاتی نەوتی و نانەوتی و خستنەژێر چاودێریی فیدراڵی، لەژێر چەتری پەرلەمان بە تووندی رەتیدەکەینەوە و رێگە بە تێپەڕاندنی یاسایەک نادەین کە پاداشتی پابەندنەبوون بە یاسا بداتەوە."
پەرلەمانتارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە سەردەمی سازش لەسەر مافی دەوڵەت و گەل بەسەرچووە و سیاسەتی گوشار بەرامبەر بەغدا قبووڵ ناکرێت. هاوکات جەختیان لەوە کردووەتەوە کە "هەڵوێستیان دژی هاووڵاتییانی کورد نییە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک، بەڵکو دژی سیاسەتێکە کە دەیەوێت یاسا و دەسەڵاتی دەوڵەت بەلاوە بنێت، چونکە مافی هاووڵاتیی کورد بە هەمان شێوەی هاووڵاتییانی پارێزگاکانی دیکەیە و دەبێت دادپەروەری لە دابەشکردنی سامانەکاندا بچەسپێت."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پەرلەمانتاران پاڵپشتی لە هەر هەنگاوێکی سەرۆکوەزیران دەکەن کە لە پێناو پاراستنی سامانی گشتی، گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەت و جێبەجێکردنی دەستوور و یاساکاندا بنرێت، دوور لە هەر رێککەوتن و بەرژەوەندییەکی بەرتەسکی حیزبی.
راگەیێندراوی ئەو پەرلەمانتارانە لە کاتێکدایە، بەپێی سەرژمێری دانیشتووان کە لە 2024دا کرا، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 14.14%ی دانیشتووانی عێراقە، بەڵام لە رەشنووسی بودجەدا پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.68% دیاری کراوە.


