رووداو دیجیتاڵ
دەخیل موراد حەسەن، سەرۆکی دەستەی عەشایریی شنگال کە سەر بە یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)یە رایگەیاند، بە گشتی 4,200 بۆ 4,300 ئەندامی یەبەشە تێکەڵی هێزە عێراقییەکان دەکرێن.
سەبارەت بە دابەشکاریی ئەو هێزانە، دەخیل موراد حەسەن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 1,000 شەڕڤان دەخرێنە سەر دەستەی حەشدی شەعبی؛ 500 کەسیان ئەرکی پاراستنی باشووری شنگال و 500ـی دیکەیان ئەرکی پاراستنی باکووری چیای شنگال لە ئەستۆ دەگرن. هاوکات 3,300 شەڕڤانی دیکە تێکەڵی هێزەکانی سوپا و پۆلیسی عێراق دەکرێن و ئەرکی پاراستنی ناوچە شاخاوییەکان پێیان دەسپێردرێت."
سەبارەت بە چارەنووسی کارمەندانی سڤیل و شەڕڤانە بیانییەکان، سەرۆکی دەستەی عەشایریی شنگال گوتی: "نزیکەی 1,200 کەسی سڤیل هەن کە کار بۆ تێکەڵکردنیان بە دامودەزگا فەرمییەکان دەکرێت. شەرڤانە بیانییەکانیش تێکەڵ ناکرێن؛ یان لە سلێمانی و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەبن، یان دەگەڕێنەوە نێو کەسوکاریان، یانیش بۆ وڵاتێکی دیکە دەڕۆن."
دەخیل موراد حەسەن ئاماژەی بە قوربانییەکانی یەبەشە کرد و ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا 5,030 شەڕڤانیان لە شنگال شەهید بوون و زیاتر لە 4,000 کەسیش بریندار بوون.
