رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای مەیسان بەرگری لە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە دەکات و دەڵێت، قسەکانی بۆ "هێورکردنەوەی دۆخەکە" بووە؛ ئەمەش دوای ئەوە هات کە سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنەکە دەرکرد بەهۆی هەڕەشەی راگەیاندنی یاخیبوونی مەدەنی و "جیاکردنەوەی پارێزگاکە لە عێراق" لە ئەگەری نەکردنەوەی دەروازەی سنووریی شەیب لەگەڵ ئێراندا.
درەنگی شەوی رابردوو، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای مەیسان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان خوێندەوە و رایانگەیاند، "تووڕەیی جەماوەری" بەهۆی داخستنی سێ رۆژەی دەروازە سنوورییەکە، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کاری کۆمپانیا نەوتییەکان لە کێڵگەکانی بازرگان و پاڵاوگەی مەیسان دروستکردووە.
ئەندامانی ئەنجوومەنەکە ئاماژەیان بەوەش کرد، لێدوانەکانی مستەفا دعێر عەبدولحەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، لە کاتی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکاندا بووە تاوەکو هاوتەریب لەگەڵ داواکاریی خۆپێشاندەران کار بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان بکات و کۆتایی بە خۆپێشاندانەکان بهێنرێت، بۆیە سەرسوڕمانیی خۆیان لە هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی سەرۆکەکەیان دەربڕی.
ئەنجوومەنی پارێزگای مەیسان داوای لە خۆپێشاندەران کردووە دان بەخۆیاندا بگرن و گرژی دروست نەکەن، هاوکات داوای لە حکومەتی فیدراڵیش کرد دەستبەجێ دەستوەردان بکات بۆ کردنەوەی دەروازەی شەیب کە بە "سیی ئابووریی پارێزگاکە" ناو دەبرێت، بەتایبەت لە کاتێکدا پارێزگاکە بە دەست دۆخێکی سەختی ئابوورییەوە دەناڵێنێت.
لە کاردانەوەی ئەم لێدوانەکەی مستەفا دعێر، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کرد دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای مەیساندا بکرێت لەسەر ئەو هەڕەشانەی ئاراستەی دەسەڵاتی حکومەتی کردووە.
هەروەها رۆژی دووشەممە، ژمارەیەک لە شێخ و کەسایەتییە دیارەکانی پارێزگاکە داوایان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بە پەلە بڕیاری داخستنی دەروازەکە هەڵبوەشێنێتەوە، بەوپێیەی بڕیارە لەناکاوەکە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سەوزە و خۆراک و بارگرانیی گەورەی بۆ خەڵکی ناوچەکە دروستکردووە.
حکومەتی عێراق لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە شێوەیەکی لەناکاو بڕیاری دا بە داخستنی مەرزی شەیب تاوەکو کاتێکی نادیار. ئەم بڕیارە ناڕەزایەتیی تووندی وەزارەتی ناوخۆی ئێرانی لێکەوتەوە بە پاساوی ئەوەی بەغدا پێشوەختە ئاگاداری نەکردوونەتەوە.
دواتریش باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا هاتە نێو ناکۆکییەکانەوە دوای لێدوانەکانی عەبدولئەمیر تەعیبان، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری عەشایەری، کە تێیدا هەردوو مەرزی شەیب و شەلامچەی تۆمەتبار کردبوو بەوەی زیانیان بە باشووری عێراق گەیاندووە و بوونەتە دەروازەی قاچاخچێتیی مادەی هۆشبەر و دراوی ساختە لە ئێرانەوە.
دەروازەی سنووریی شەیب، دەکەوێتە ناحیەی موشەڕەح لە قەزای کەحلا لە پارێزگای مەیسان و هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، رۆژانە سەدان بارهەڵگری کەلوپەل و خۆراک بەو مەرزەدا تێدەپەڕن، جگە لەوەی رێڕەوێکی سەرەکییە بۆ هاتنەناوەوەی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ نێو عێراق. لە رۆژانی رابردووشدا دەیان هاووڵاتیی ناڕازی رێگەی سەرەکیی بازڕگانیان بەرەو کێڵگە نەوتییەکان داخست، ئەمەش هێزە ئەمنییەکانی ناچار کرد لە دەوروبەری خۆپێشاندانەکاندا بڵاوەیان پێبکرێت.



