رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، دۆسیەی بێسەروشوێنکراوان و ئەرشیڤی نیشتمانیی کوێت دوای 35 ساڵ لە داگیرکاریی عێراق بووەوە جێگەی مشتومڕ؛ کوێت رایدەگەیێنێت چارەنووسی 315 کەس هێشتا نادیارە، لە بەرامبەردا عێراق داوای لیستی وردی موڵکە ونبووەکان دەکات.
لە دانیشتنەکەدا، رەبیع عەدەسانی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی کوێت بۆ کاروباری دیلەکان و بێسەروشوێنکراوان، نیگەرانیی قووڵی وڵاتەکەی لە خاوبوونەوە و پێشنەکەوتنی بەغدا دەربڕی و بە پشتبەستن بە راپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "هیچ بەرەوپێشچوونێک لەم دۆسیەیەدا بەدی نەهاتووە."
نوێنەرەکەی کوێت هۆشداری دا لەوەی دواکەوتنی لێکۆڵینەوە لەگەڵ شایەتحاڵەکان، دەبێتە هۆی لەدەستچوونی سەرچاوە گرنگەکانی زانیاری بۆ هەمیشە و گوتی: "چارەنووسی 315 کەس هێشتا نادیارە؛ رێککەوتبووین لێپرسینەوە لەگەڵ نۆ ئەفسەری رژێمی بەعس لە زیندانەکاندا بکرێت، بەڵام نەکراون."
عەدەسانی ئاشکراشی کرد: "بڕیار بوو لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی کوێت لە سەردەمی داگیرکاریدا بکرێت، بەڵام جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەریدا لە شوباتی 2026 لەلایەن بەغداوە، رێگر بوو لەوەی قسەی لەگەڵ بکرێت، سەرەڕای رەزامەندیی پێشوەختە."
سەبارەت بە گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش، نوێنەری کوێت باسی لەوە کرد لە ناوچەی خەمیسییە لە باشووری عێراق ئەگەری دۆزینەوەی رووفاتی نێوان 150 بۆ 180 بێسەروشوێنی کوێتی هەیە و شوێنەکەش دیاریکراوە، بەڵام بەدواداچوونی پێویستی بۆ نەکراوە، هاوکات نیگەرانیی خۆی لە نەدۆزینەوەی ئەرشیڤی نیشتمانیی وڵاتەکەی دەربڕی.
لە بەرامبەردا، لوقمان فەیلی، نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردەوە کە بەغدا بە دیدێکی مرۆیی و ئەخلاقییەوە لەم دۆسیەیە دەڕوانێت و مافی کەسوکاری قوربانییانە چارەنووسی ونبووەکانیان بزانن.
فەیلی رایگەیاند: "عێراق ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی لیژنەی هاوبەشی هەردوو وڵات تایبەت بە موڵک و ماڵە ونبووەکان و ئەرشیڤی نیشتمانی." نوێنەری عێراق داواکاریی وڵاتەکەی نوێکردەوە و گوتی: "داوا لە لایەنی کوێتی دەکەینەوە لیستی ورد و زانیاریی پێویست لەسەر سرووشتی ئەو کەلوپەل و بەڵگەنامانە بدەنە لیژنەکە کە ونبوون، تاوەکو بتوانین بەدوایاندا بگەڕێین."
دوای داگیرکردنی کوێت لە ئابی 1990 لەلایەن رژێمی سەدام حوسێن و دەرکردنی سوپای عێراق لە شەڕی کەنداوی 1991دا، ئەنجوومەنی ئاسایش بەپێی بڕیاری 687ـی بەندی حەوتەم، عێراقی ناچار کرد دیلەکان ئاشکرا بکات و موڵک و ئەرشیڤی تاڵانکراو بگێڕێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی 2022دا بە تەواوەتی دۆسیەی قەرەبووی دارایی کوێتی (کە زیاتر لە 52 ملیار دۆلار بوو) داخست، بەڵام چارەنووسی 315 بێسەروشوێن و گەڕاندنەوەی ئەرشیڤی مێژوویی کوێت، وەک گرێکوێرەیەکی چارەسەرنەکراو لە نێوان هەردوو وڵاتدا ماوەتەوە.


