رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق لە گشتاندنێکی فەرمیدا بۆ سەرجەم پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، هۆشداری دەدات لە راگەیاندنی پشووی فەرمی و رایدەگەیێنێت، بەپێی یاسا، راگەیاندنی پشوو لە دەرەوەی بۆنە دیاریکراوەکان، تەنیا لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیراندایە و بۆ ماوەیەکیشە، کە لە حەوت رۆژ تێپەڕ نەکات.
بەپێی نووسراوێکی لیژنەی هەرێمەکان و پارێزگاکانی دەرەوەی چوارچێوەی هەرێم لە پەرلەمانی عێراق، کە واژۆی ئەحمەد مەزهەر جبووری، سەرۆکی لیژنەکەی لەسەرە و ئاراستەی سەرجەم پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کراوە، داوا دەکات بە تەواوی پابەندی "یاسای پشووە فەرمییەکان، ژمارە (12)ـی ساڵی 2024" بن.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "یاسای پشووە فەرمییەکان بە روونی و ئاشکرا ئەو لایەنەی دیاریکردووە کە دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیاری پشووی هەیە؛ لە یاساکەدا تەنیا یەک لایەن دەستنیشانکراوە بۆ راگەیاندنی پشوو لە دەرەوەی پشووە جێگیرکراوەکان، ئەویش ئەنجوومەنی وەزیرانە و بۆ ماوەیەکە لە حەوت رۆژ زیاتر نەبێت."
لیژنەکەی پەرلەمانی عێراق لە نووسراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، یاساکە تەنیا یەک بەدەرکردنی داناوە، ئەویش پێدانی دەسەڵاتە بە "تەنیا سێ پارێزگا" بۆ ئەوەی بەهۆی بۆنە و رێوڕەسمە ئایینییەکانەوە پشوو رابگەیێنن.
لێژنەکە ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە سەرجەم پارێزگاکان پابەندی یاساکە بن، بە پێچەوانەوە هەر پارێزگار یان ئەنجوومەنێکی پارێزگا سەرپێچی بکات و لە دەرەوەی یاساکە پشوو رابگەیێنێت، "رووبەڕووی بەرپرسیاریێتیی یاسایی دەبێتەوە."
پێش پەسندکردنی یاسای نوێی پشووە فەرمییەکان لە پەرلەمانی عێراق، پشوو لەلایەن پارێزگارەکانەوە بەهۆی بارانبارین، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بۆنەکان دیاری دەکرا. پەرلەمان لە یاسا نوێیەکەدا ئەو دەسەڵاتەی لە پارێزگارەکان وەرگرتووەتەوە و دوایەتی بە ئەنجوومەنی وەزیران، جیا لە بەدەرکردنی هەندێک پارێزگا (وەک نەجەف و کەربەلا) بەهۆی تایبەتمەندیی مەزارگەکان.



