رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی پارێزگای واست بە زۆرینەی دەنگ دەستلەکارکێشانەوەی غەزەنفەر کازم بەتیخ-ی لە پۆستی جێگری پارێزگار پەسندکرد و حەمزە زرگانی لە شوێنی ئەو وەک جێگری یەکەمی پارێزگار بۆ کاروباری کارگێڕی هەڵبژارد. لە بەرامبەردا ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە رەخنە لە شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە دەگرێت.
حەبیب بدری، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای واست، ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، رەخنەی لە شێوازی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکە گرت و رایگەیاند: "لە رووی یاساییەوە پێویست بوو دوای دەستلەکارکێشانەوەکە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ماوەی 10 رۆژ بکرێتەوە، دواتر پشکنین و وردبینی بۆ سیڤییەکان بکرێت و رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێن، وەک: دەستەی دەستپاکی، وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا، پەروەردە، ناوخۆ، دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری؛ پاشان سێ کەس دیاری بکرێن و لە دانیشتنێکی ئەنجوومەندا بە دەنگدان پۆستەکە یەکلایی بکرێتەوە."
سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای واست ئاشکرای کرد، پارێزگار و جێگری پارێزگار هەردووکیان سەر بە هاوپەیمانیی "خەدەمات"ـن و لەنێوان خۆیاندا کێشە هەبووە، هەر بۆیە جێگری پارێزگار دەستی لەکارکێشاوەتەوە، ئەوەشی کە ئێستا بووەتە جێگری نوێی پارێزگار، هەر لە هەمان هاوپەیمانییە کە بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانیی بووە.
حەبیب بدری هەروەها رەخنەی لە دۆخی کارگێڕیی پارێزگاکە گرت و گوتی، "پارێزگای واست لە دەرەوەی پارێزگاکەوە بەڕێوەدەبرێت و لە دەرەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت."

