رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەشدی شەعبی رەتیدەکاتەوە حکومەتی عێراق مووچەی بە راوێژکارە ئێرانییەکان دابێت و دەڵێ: "ئێران بێبەرامبەر چەک و تەقەمەنی و فەرماندەی بۆ پاراستنی عێراق ناردووە و لەو پێناوەشدا 55 راوێژکاریان لەنێو خاکی عێراقدا شەهید بوون."
رۆژی پێنچشەممە، 29ـێ تشرینی یەکەمی2026، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی لێدوانی چالاکڤانێکی دایەوە کە لە یەکێک لە کەناڵە ئاسمانییەکانەوە گوتبووی راوێژکارە ئێرانییەکان لە بەرامبەر پارەدا لە عێراق بوون.
حەشدی شەعبی دەڵێ: "ئەم جۆرە قسانە سووکایەتیکردنە بەو راستییانەی کە لەو قۆناخەدا هەبوون و بێڕێزییە بە خوێنی ئەو شەهیدانەی بۆ پاراستنی عێراق گیانی خۆیان بەخت کرد."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەڕی دژی تیرۆردا پشتیوانییەکی گەورەی عێراقی کردووە، پێکهاتبوو لە ناردنی چەک و تەقەمەنی کە بەشێکیان بە خۆڕایی بوون، هەروەها باشترین فەرماندەکانی خۆی وەک راوێژکار بۆ پشتیوانیی هێزەکانی حەشد ناردووە".
حەشدی شەعبی گوتی: "تەنیا لەنێو راوێژکارە ئێرانییەکاندا 55 کەس شەهید بوون و ژمارەیەکی زۆریشیان بریندار بوون." حەشد گوتیشی: "ئێمە بەوپەڕی رێزەوە یادی ئەو شەهیدانە دەکەینەوە کە بێ بەرامبەر هاتن بۆ داکۆکیکردن لە خاکی پیرۆزی عێراق، کە لە پێش هەموویانەوە شەهیدی فەرماندە حاجی قاسم سولەیمانی بوو."
دەستەی حەشدی شەعبی راشیگەیاند: "باسکردنی ئەم راستییانە منەتکردن نییە بەسەر عێراقدا، بەڵکو پێدانی دادپەروەرییە بەو قوربانیدانەی کە لە پێناو وڵاتدا دراوە".



