رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی عێراق رەزامەندیی دەربڕی لەسەر کردنەوەی سەنتەرێکی شوشتنی گورچیلە لە قەزای داقووق. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، هاونیشتمانییانی ناوچەکە بەهۆی نەبوونی ئەو خزمەتگوزارییەوە رووبەڕووی ئاستەنگی زۆری تەندروستی دەبنەوە.
هەڵۆ جەباری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە (31ی تشرینی یەکەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەوەی نەخۆشانی گورچیلە لە داقووق و گوندەکانی دەوروبەری ناچارن بۆ وەرگرتنی چارەسەر رێگەیەکی دوور ببڕن و بچنە شاری کەرکووک، ئێمە وەک ئەرکێکی خۆمان داواکاریی خەڵکمان گەیاندە وەزیری تەندروستیی عێراق."
هەڵۆ جەباری گوتی: "لە رێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە داوام لە وەزیر کرد کە سەنتەرێک لە داقووق بکەنەوە یان یەکێک لە بنکە تەندروستییەکانی قەزاکە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکەن؛" گوتیشی: "وەزیری تەندروستیی عێراق رەزامەندیی لەسەر داواکارییەکە دەربڕی و ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی نەخۆشەکان دەبێت."
هەڵۆ جەباری باسی لەوەش کرد: "ئەو هەنگاوە بارگرانییەکی زۆری دارایی و جەستەیی لەسەر شانی خێزانی نەخۆشەکان لادەبات، چونکە چیدیکە پێویست ناکات هەفتانە چەند جارێک بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی کەرکووک یان شوێنی دیکە بکەن".
هاوکات سەمیر ساڵەیی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقووق، ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی راگەیاند: "بڕیارە ئەو سەنتەرە لە نەخۆشخانە نوێیەکە بکرێتەوە و لە کۆتایی 2027 تەواو بێت. باڵەخانەی ئێستای نەخۆشخانەکەمان کۆنە و شوێنمان نیە بۆ دانانی بەشێکی نوێ و چارەسەر".
بە گوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقووق، تەنیا 4 بەش بۆ راوێژکاریی پزیشکی لە نەخۆشخانەکەدا هەن (ژنان و منداڵبوون، هەناو، منداڵان و راوێژکاریی نەشتەرگەری).
بەگوێرەی ئاماری نەخۆشخانەی داقووق، تەنیا لە شارەکە 35 بۆ 40 نەخۆشی پەککەوتنی گورچیلە هەن کە پێویستییان بە شوشتنی گورچیلەیە.
