رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق، سکاڵایەکی لە دژی گەڕانەوەی بەشێک لەو زەوییانەى مادەى 140 بۆ خاوەنەکانیان رەتکردەوە، کە 14 ساڵ لەمەوبەر بڕیاری گەڕاندنەوەیان درابوو.
سکاڵاکە لەلایەن کۆمپانیای Quick Investment بۆ وەبەرهێنانی خانووبەرە لە دژی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و شارەوانیی عێراق تۆمار کرابوو، تێیدا داوای کردبوو بڕیاری ژمارە 29ی ساڵی 2012 لە چوارچێوەی مادەی 140ی دەستوور ئەو زەوییانە نەگرێتەوە، کە خراونەتە سنووری شارەوانییەکەوە و کوژێنراونەتەوە.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی یەکی تشرینی دووەم لەبارەی ئەو سکاڵایە کۆبووەتەوە و رەتیکردووەتەوە بە پاساوی ئەوەی لە پسپۆڕیی دادگەکەدا نییە.
ئەو زەوییانەی کە سکاڵا لە دژیان تۆمار کرابوو زۆرینەی خاوەنەکانیان کورد و تورکمانن، کە لەلایەن دەسەڵاتی حیزبی بەعسەوە بە بڕیاری لیژنەی کاروباری باکوور لێیان داگیرکرابوو، بڕیاری ژمارە 29ی ساڵی 2012 بۆ گەڕانەوەی ئەو زەوییانە بوو بۆ خاوەنەکانیان.
عەبدوڵڵ میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رەتکردنەوەی سکاڵاکە لەسەر ئەو بنەمایە بووە کە بڕیاری گەڕانەوەیان یاسایی بووە و چیدی سکاڵای هاوشێوە لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە لە دژی ئەو بڕیاری گەڕانەوەیە وەرناگیرێت، ئەگەر لە دادگەی کارگێڕیش سکاڵا لە دژی تۆمار بکرێت دەتوانرێت تانەی لێ بدرێت.
ئەو زەوییانەی بە بڕیاری لیژنەی کاروباری باکووری حیزبی بەعس داگیرکرابوون و بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی درابوونە عەرەبی هاوردە، بەگوێرەی مادەی 140ی دەستوور پێویستە لێیان وەربگیرێتەوە و بدرێتەوە خاوەنەکانیان.
بەگوێرەی ئەو بڕیارەی کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەرچووە، سەرجەم ئەو بڕیارانە هەڵوەشێنرێنەوە کە لەلایەن لیژنەی کاروباری باکووری دەسەڵاتی پێشووی عێراقەوە دەرکراون بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانی مادەی 140، کە بەهۆیەوە زەویی هاووڵاتییانی کورد و تورکمان لەو ناوچانە زەوتکراون و دراونەتە عەرەبی هاوردە.



