رووداو دیجیتاڵ
هۆڵێکی دادگەی تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا بۆ دادگەییکردنی شەش تۆمەتباری فەرەنسیی پەیوەندیدار بە رێکخراوی داعش ئامادە کرابوو، لەگەڵ خوێندنەوەی ناوی تۆمەتبارەکان، پۆلیسێک یەک بە یەک تۆمەتبارەکانی دەهێنایە نێو قەفەسێکی سێ مەتر دووجا. دادوەریش گوتەی یەک بە یەکیانی دەخوێندەوە و پاشان پرسیاری لێ دەکردن.
ئەو شەش چەکدارەی داعش بەشێکن لە گرووپێکی 47 کەسیی خاوەن وڵاتینامەی فەرەنسی، کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە رۆژئاوای کوردستان دەستگیر کرابوون و دواتر رادەستی عێراق کران، پێشتر حەوت لەو چەکدارانە هەر لەلایەن دادگەی عێراق بە زیندانی تاهەتایی و سزای جیاواز سزا دراون.
لە دانیشتنەکەدا نوێنەری باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا و تەنیا دوو پارێزەر ئامادە بوون، کە لەلایەن دادگەوە بۆیان دابین کرابوو، لەگەڵ نزیکەی 12 رۆژنامەنووس، لەوانەش تیمی تۆڕی میدیایی رووداو.
سوفیان؛ خوێندکاری پزیشکی لە فەرەنساوە بۆ بەرپرسی ئەمنیی داعش
یەکەم تۆمەتبار کە بە جلێکی زەردی زیندانەوە هێنرایە نێو هۆڵەکە، ناوی سوفیان ئەحمەد عیسا بوو. کە لە خێزانێکی جەزائیری لە ساڵی 1995 لە شاری (لیل)ـی فەرەنسا لەدایکبووە؛ پێش ئەوەی پەیوەندی بە داعشەوە بکات، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکیی گشتی بووە لە فەرەنسا.
هەر کە هێنرایە بەردەم دادوەر، لێی پرسی: "کوا پارێزەرەکەت؟"، سوفیان لە وەڵامدا گوتی: "پارێزەرەکەم گەشتی دەرەوەی وڵاتی کردووە و پێش رۆیشتنیشی لە دۆسییەکەم کشاوەتەوە." دادوەریش دەستبەجێ بڕیاری دا لەسەر ئەرکی دادگە پارێزەرێکی بۆ دابین بکرێت.
پێش ئەوەی دادوەر لە رێگەی شاشەی نێو هۆڵەکەوە دانپێدانان و بەڵگەکان بخاتەڕوو، سوفیان رووی لە دادوەر کرد و گوتی: "جەنابی دادوەر، من لەژێر ئەشکەنجەدا (لە زیندانی عێراق) ناچارکراوم ئەو گوتانە بدەم." دادوەریش بڕیاری دا لە دانیشتنی دووەمدا، سوفیان دەرفەتی ئەوەی پێ بدرێت بەدەستی خۆی گوتەکانی بنووسێتەوە.
دواتر دادوەر رووبەڕووی بووەوە و پێی گوت: "سوفیان، جیاواز لە گوتەکانی خۆت، چەندین بەڵگەی تۆمەتبارکردنت لەسەر تۆمار کراوە، لەنێویاندا تۆ لەلایەن پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل)ـەوە داواکراوی و دادگەی فەرەنساش بڕیاری دەستگیرکردنتی دەرکردووە."
پاشان لەسەر شاشەکە یەک لەدوای یەک بەڵگەکان پێشاندرا؛ دەرکەوت سوفیان لەنێو داعشدا و لە "ویلایەتی رەققە"، پۆستی ئەمنی و سەربازیی هەبووە، لە دانپێدانەکانیشی کە دادوەر خوێندییەوە، مانگانە 50 دۆلار مووچەکەی بووە.
لەکاتی پێشاندانی بەڵگەکاندا، سوفیان لە شاشەکەی دەڕوانی، عەرەبییەکەی بەشی ئەوەی نەدەکرد لە دادوەر بگات، بۆیە زوو زوو لە رێگەی وەرگێڕەکەی تەنیشتییەوە داوای دەکرد قسەکانی دادوەری بۆ بکاتە فەرەنسی. لە کۆتاییدا دادوەر بڕیاری دا دادگەییکردنی سوفیان بۆ 23ـی تشرینی دووەم دوابخرێت.
"بۆچی قسەتان لەگەڵ نەکردووە؟"؛ دادوەر لە پارێزەرەکان تووڕە دەبێت
دووەم تۆمەتبار کە بە هەمان جلی زەردەوە هێنرایە بەردەم دادوەر، رۆمان گارنیا بوو؛ گەنجێکی باڵابەرزی لاوازی پێست سوور و سپی بوو کە بە رەچەڵەک فەرەنسییە.
دادوەر پرسیاری لێکرد ئایا بەر لە دانیشتنەکە قسەی لەگەڵ پارێزەرەکەیدا کردووە؟ کاتێک رۆمان بە "نەخێر" وەڵامی دایەوە، دادوەر بە تووڕەییەوە رووی لە پارێزەرانی سەر بە دادگە کرد و لۆمەی کردن: "بۆچی قسەتان لەگەڵ نەکردووە؟" پارێزەرەکان وەڵامێکی ئەوتۆیان پێ نەبوو، تەنیا بەڵێنیان دا لە زووترین کاتدا بیبینن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، دادگەییکردنی رۆمانیش دەستبەجێ دواخرا.
دوای ئەو، هەریەکە لە تۆمەتباران: محەممەد سالم، سوفیان عەبدولحەمید و تۆماس جان مارک هێنرانە ژوورەوە. دادوەر بەهۆی ئەوەی ئەوانیش دەرفەتی گفتوگۆکردنیان لەگەڵ پارێزەرەکانیاندا بۆ نەڕەخسابوو، دانیشتنی دادگەییکردنی ئەوانیشی بۆ رۆژی 23ـی مانگ دواخست تاوەکو مافی بەرگریکردنیان پارێزراو بێت.
یونس یەحیاوی؛ لە کێڵگەی نەوتەوە بۆ پۆلیسی ئیسلامی
دوایین تۆمەتبار کە برایە بەردەم دادوەر و دادگە پارێزەری بۆ دەستنیشان کرد، ناوی بن یونس یەحیاوی بوو. بە رەچەڵەک مەغریبییە و لەدایکبووی ساڵی 1991ـە، باوکی چوار کچ و کوڕێکە.
بن یونسیش هاوشێوەی زۆربەی هاوڕێکانی، ناوی لە لیستی داواکراوانی ئینتەرپۆلدا بوو. بەپێی ئەو بەڵگانەی لە دادگە خرانەڕوو، لە ساڵی 2014 پەیوەندی بە داعشەوە کردووە، بەڵام دوای ساڵی 2015 بۆ ماوەیەک لە شەڕکردن کشاوەتەوە و لە کێڵگەی نەوتیی عومەر لە پارێزگای دێرەزوور وەکو کارمەندێکی ئاسایی کاری کردووە. دواتر دیسان پەیوەندیی بە کەرتی سەربازیی داعشەوە کردووەتەوە و بووەتە ئەندامی (پۆلیسی ئیسلامی)ـی گرووپەکە؛ بەپێی گوتەی خۆی، مووچەی مانگانەی 150 دۆلار بووە.
تەلەفۆن بۆ خێزانەکانیان و وادەی دانیشتنەکانی داهاتوو
لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا، دوو لە تۆمەتبارەکان داوایان لە دادوەر کرد رێگەیان پێ بدرێت پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن. دادوەر لە وەڵامدا روونیکردەوە کە بەڕێوەبەرایەتیی گرتووخانەکە رێگەی پێ داون تەلەفۆن بکەن، بەڵام خێزانەکانیان وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەداوەتەوە. هاوکات ئەو تۆمەتبارانەشی کە پێشتر قسەیان لەگەڵ ماڵەوە کردبوو، داوایان کرد ماوەی قسەکردنیان بە تەلەفۆن لەگەڵ کەسوکاریاندا بۆ درێژ بکرێتەوە.
بڕیارە رۆژی 18ـی ئەم مانگە، ژمارەیەکی دیکە لە تۆمەتبارانی ئەو گرووپە 47 کەسییە لە هەمان دادگە دادگەیی بکرێن و لە 23ـی مانگیش دانیشتنی دادگەییکردنی ئەم شەش تۆمەتبارە دەستپێبکاتەوە.
