رووداو دیجیتاڵ
لە رەشنووسی یاساى بودجەى 2027ى عێراقدا، زیاتر لە پێنج پابەندى دارایی و وزە بۆ هەرێمى کوردستان دیاری کردووە، کە بەگوتەى شارەزایانی بوارەکە ئەگەرى جێبەجێکیردنیان "قورسن". دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت و گازى زیادە رادەست بکات ئەگەرنا لە پشکەکە دەبڕن، هەروەها ناچارکراوە کە قەرزى پابەندی دارایی 22 ساڵى رابردوو لە سێ ساڵدا پاکتاو بکات کە 12.7 تریلیۆن دینارە.
پڕۆژە یاسای بودجەى گشتى 2027ى عێراق، لە وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ لە قۆناخى ئامادەکردنى کۆتاییدایە بەر لەوەى لە ئەنجوومەنى وەزیران دەنگى لەسەر بدرێت.
حکومەتى هەرێمى کوردستان تێبنیى لەسەر چەند بڕگەیەکى رەشنووسەکە هەیە کە لە رێگەى چەند سەردانێکى شاندەکانییەوە بە بەغداى گەیاندووە، سەرچاوەکى ئاگادار بە رووداوى گوت، وەزارەتى دارایی فیدراڵ پێى گوتوون تاوتوێى تێبینیەکانیان دەکەن.
پەرلەمانى عێراق چاوەڕێى گەیشتنى دوایین کۆپى پڕۆژە یاساکەیە کە بەگوێرەى یاسای کارگێڕى دارایی دەبێت تاوەکو 15ى تشرینى دووەم ئەنجوومەنى وەزیران بۆى بنێرێت.
بەگوێرەی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، چەند پابەندییەک لەسەر هەرێمی کوردستان دانراوە، کە ئەگەر بەو داڕشتەیەى ئێستا، کە کۆپییەکی لای رووداوە، پەسند بکرێت،بەربەستى بۆ دروست دەکات.
پابەندیى وزە، 400 هەزار بەرمیل و گازى زیادە
بەگوێرەى رەشنوسی پڕۆژە یاساکە، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە لانیکەم 400 هەزار بەرمیل نەوت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بفرۆشێت، ئەوەش لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی (سۆمۆ) بە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
ئەگەر نەتوانرا ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهان یان هەر دەروازەیەکى دیکەوە هەناردە بکرێت، کە وەزارەتی نەوت دیاری دەکات، دەبێت ئەو 400 هەزار بەرمیل نەوتە رادەستی وەزارەتی نەوت بکرێت بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی، ئەوەش بەگوێرەی ئەو پێویستییەی کە وەزارەتی نەوت دیاریی دەکات.
نەبیل مەرسوومی، شرۆڤەکارى ئابووریی عێراق، ئەو پابەندییانە بە "بۆمبی کاتی" ناو دەبات بۆ هەرێمی کوردستان و بە رووداوی گوت: "پابەندییەکان کردەیی نین، هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی ناگاتە 400 هەزار بەرمیل و لە سنووری 175 هەزار بەرمیلە و 50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستیی ناوخۆیی دەبێت."
پابەندییەکی دیکە ئەوەیە کە نابێت حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی نوێ بۆ گەڕان بەدوای نەوت و کارکردن لە کێڵگە نەوتییەکان لەگەڵ کۆمپانیای بیانی و ناوخۆیی بکات، تەنیا لە رێگەی وەزارەتی نەوتەوە نەبێت.
نەبیل مەرسوومی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو جۆرە پابەندییانە هی ئەوە نییە بخرێنە پڕۆژەیاسای بودجەوە کە بۆ یەک ساڵە، دەبێت ئەو دۆسیەیە بە یاسای نەوت و گاز چارەسەر بکرێت و ئەو پابەندییە وا دەکات پەرەپێدانی کێڵگەکان بچێتەوە بۆ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی.
یەکێک لەو پابەندییانەی دیکە کە بەسەر هەرێمی کوردستاندا دراوە، ئەوەیە کە ئەو گازەی لێی زیاد دەبێت، رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکرێت و ئەگەر نا، بەهێندەی بەهاکەی لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت، ئەوەش بە پشتبەستن بە ئاماری مانگانەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لە کاتێکدایە کە ئێستا رۆژانە 750 بۆ 800 ملیۆن پێ سێجار گاز بەرهەم دەهێنرێت، هەمووی بەکاردەهێنرێت بۆ وێستگەکانی کارەبا و غازی ماڵان.
نەبیل مەرسوومی گوتى:" ئەو بڕگەیە واقیعی نییە؛ لەبەر ئەوەی لایەنی بەرهەمهێنەری گاز کەرتی تایبەتە و ئەو کۆمپانیایە مامەڵەی پێوە دەکات".
پاکتاوى 12 تریلیۆن دینار لە سێ ساڵدا
حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند کراوە بەوەی کە مانگانە پارەی قەرزی بانکی بازرگانی (تی بی ئای) بداتەوە، کە لەلای بانکه حکومی و ئەهلییەکانە و لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت، و ئەو بڕیارە لە ساڵی 2027 دەستپێدەکات و بۆ ماوەی سێ ساڵ تەواو دەبێت.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "لەیاسای پێشووی بودجەشدا ئەو بڕگەیە دانراوە و مانگانە زیاتر لە 50 ملیار دینار لە پشکی هەرێمی کوردستان بڕدراوە"
یەکێک لە پابەندییەکانی دیکەی نێو رەشنووسی پڕۆژە یاساکە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ ساڵدا ئەو شایستە داراییانەى ئەستۆی پاکتاو بکات کە لە نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2026 لەسەری دروست بووە، کە 12 تریلیۆن و 775 ملیار دینارە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو بڕگەیە لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی رابردوودا وابوو کە لێژنەیەک لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئەو پرسە پێکبهێندرێت، بەڵام لە داڕشتەی ئێستادا یەکلابوونەوە کە پارەکە چەندە و دەبێت لە سێ ساڵدا بدرێتەوە، کە پارەی نەوتی رادەست نەکراو و ئەو پابەندییە داراییانە کە لەو ماوەیەدا لەسەری بووە.
یەکێکى دیکە لە پابەندییەکان ئەوەیە کە رادەستکردنى داهاتى نانەوتى بەگوێرەى یاسای کارگێڕى دارایی بێت، کە بە گوتەى جەمال کۆچەر بەغدا پێیوایە دەبێت 100% بێت نەک 50%.



