رووداو دیجیتاڵ
دوو دامەزراوەی عێراق سکاڵا لەدژی بڕیارێکی 34 ساڵ لەمەوبەری حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکەن، کە بەپێی بڕیارەکە موڵکە حکومییەکان بە ناوی وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کراون.
سکاڵاکان لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دڵنیایی و فەرمانگەی خانەنشینی و دەستەی کۆمەڵایەتیی عێراقەوە لە دژی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری تۆمار کراون.
لەو سکاڵایانەدا داوایان کردووە کە بڕیاری ژمارە 3326 ی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نادەستووری دابنێت کە لە 24ی تشرینی دووەمی 1992 دەرچووە بۆ ئەوەی سەرجەم موڵکەکانی دەوڵەت بکرێن بە ناوی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەو دۆسیەیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "وەڵامنامەی خۆمان لەبارەی ئەو سکاڵایانەوە ناردووە بۆ دادگای باڵای فیدراڵی و رۆژی دانیشتنەکە نوێنەرى یاسایی ئامادە دەبێت".
دادگای باڵای فیدراڵی ڕۆژی 15ی تشرینی دووەمی دیاریکردووە بۆ یەکەم دانیشتنی تایبەت بەو سکاڵایانە.
پێشتر دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە 19ی ئاب سکاڵایەکی هاوشێوەی رەتکردەوە کە وەزیری دارایی فیدراڵ و بەڕێوەبەرایەتیی بانکەکانی رەشید و رافیدەین و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دڵنیایی نیشتمانی تۆماریان کردبوو. بەپاساوی ئەوەی لە پسپۆڕیی دادگاکە نییە.
لەدوای راپەڕینى ئادارى 1991 و کشانەوەی دەسەڵاتی کارگێڕیی حکومەتی ئەو کاتەی عێراق لە هەرێمی کوردستان، موڵکەکانی دەوڵەت بە بڕیارێک کران بەناوی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە، ئێستا هەندێک لە وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵی داوای ئەو موڵکانە لە هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.



.webp&w=3840&q=75)
