رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی نەوجەوانانی رەسافە لە بەغدا لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیر کرد.
دەستەی دەستپاکیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە (5ی تشرینی دووەمی 2026) رایگەیاند: "تیمێکی بەشی لێکۆڵینەوە و دەستبەسەرداگرتن لە بەڕێوەبەرایەتیی بەغدا، دوای چاودێرییەکی ورد، بۆسەیەکییان بۆ ئەو ئەفسەرە دانا، کە پلەکەی عەقیدە و بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی نەوجەوانانی رەسافەیە لە بەغدا".
بە گوێرەی دەستپاکیی عێراق و ئەو گرتە ڤیدیۆیەی بڵاویکردوەتەوە، تۆمەتبارەکە لە نێو نووسینگەکەی خۆیدا و لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیرکراوە.
لەکاتی گەیشتنی تیمەکەی دەستپاکیی عێراق، ئەفسەرەکە ئەو پارەیەی وەریگرتووە دەیخاتە نێو سەلەی خاشاکی ژێر مێزەکەی تاوەکو ئاشکرا نەبێت.
ئەو ئەفسەرە داوای پارەی لە هاووڵاتییەک کردووە بەرامبەر بە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنین کە لە لایەن دادگەوە بۆ تۆمەتبارێکی دیکە دەرچووبوو.
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێت: "پەڕاوی یاسایی بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و تۆمەتبارەکە رادەستی دادوەری لێکۆڵینەوەی کەرخی دووەم کراوە، دادوەریش بڕیاری راگرتنی ئەو ئەفسەرەی داوە بەپێی بڕیاری ژمارە (160ی ساڵی 1983)ی هەموارکراو."
بڕیاری ژمارە 160ی ساڵی 1983، بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەرتیل و گەندەڵی، سزای زیندانیکردنی قورسی بۆ ئەو فەرمانبەر و ئەفسەرانە داناوە کە پلە و پۆستەکانیان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکاردەهێنن.



.webp&w=3840&q=75)