رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی پۆلیسی رەسافە لە بەغدا، هۆڵێکی تایبەت بە قوماری ئەلیکترۆنییان لە ناوچەی کەڕادە داخستووە تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە و 97 ئامێری جۆراوجۆریش دەستی بەسەردا گیراوە.
بەپێی راگەیێندراوی فەرماندەیی پۆلیسی رەسافە، رۆژی پێنچشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی2026، مەفرەزەکانی پۆلیسی کەرادە و فەوجی فریاکەوتنی سێیەم بە هاوکاریی هەواڵگری و ئاسایشی گەشتیاری، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان بۆ سەر شوێنێکی گوماناوی لە کەرادە ئەنجامداوە.
پۆلیسی رەسافە گوتی: "دوای وردبینیکردن لە زانیارییە هەواڵگرییەکان، توانرا شوێنەکە بدۆزرێتەوە و دەست بەسەر 97 ئامێری ئەلیکترۆنیی تایبەت بە قوماردا بگرین".
هەروەها لە کاتی هەڵکوتانە سەر هۆڵەکەدا، تۆمەتبارێک دەستگیر کراوە کە لێپرسراوی شوێنەکە بووە.
تەواوی ئامێرەکان و تۆمەتبارەکە رەوانەی دادگە کراون و پەڕاوی یاساییان بۆ رێکخراوە تاوەکو بەپێی یاسا سزا بدرێن.
یارییەکانی قومار بە هەموو جۆرەکانییەوە لە عێراقدا بەپێی یاسای سزادان قەدەخەن.
یاساکە چی دەڵێت؟
بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، قومار بە هەموو جۆرەکانییەوە (کلاسیکی و ئەلیکترۆنی) قەدەخەیە و سزای بەندکردن و پێبژاردنی دارایی بۆ هەریەک لە خاوەن هۆڵەکان و یاریزانەکانیش دیاریکراوە.
یاسای عێراقی "قومار" بەم شێوەیە پێناسە دەکات: "هەر یارییەک کە بردنەوە و دۆڕان تێیدا زیاتر پشت بە بەخت ببەستێت نەک لێهاتوویی و کار، یان هەر یارییەکی دیکە کە لایەنەکان لەسەری رێکبکەون کە دۆڕاو پارە یان سوودێک بداتە براوە."
مادەکانی (389) و (390) لە یاسای سزادانی عێراقی، سزای تووندیان بۆ ئەم کارانە داناوە:
- هەر کەسێک هۆڵێکی قومار بکاتەوە یان بەڕێوەی ببات، بە بەندکردن سزا دەدرێت کە لە سێ ساڵ تێپەڕ نەکات، لەگەڵ پێبژاردنی دارایی.
- هەر کەسێک لە نێو ئەو هۆڵانەدا خەریکی یاری بێت، بە بەندکردن سزا دەدرێت کە لە یەک ساڵ تێپەڕ نەکات، لەگەڵ پێبژاردن.
بەپێی یاسا، دەست بەسەر هەموو ئەو ئامێر و کەرەستە و پارە و کەلوپەلە گرانبەهایانەدا دەگیرێت کە لە کاتی یارییەکەدا بەکارهێنراون.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنەکانی قوماری دیجیتاڵی، دادگەکانی عێراق هەمان ئەو سزایانەی سەرەوە بەسەر بەکارهێنەران و بەڕێوەبەرانی ئەم جۆرە یارییە ئەلیکترۆنییانەدا دەسەپێنن.


