رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 13 هەزار منداڵی تووشبووی شێرپەنجە لە پێنج ساڵدا لە دامەزراوەیەکی تەندروستیی عێراق تۆمار کراون بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرن، کە 61ـیان لە هەرێمی کوردستان بوون.
بەگوێرەی ئامارێکی دامەزراوەی وارس بۆ گرێیەکان، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا 13 هەزار و 521 منداڵی تووشبووی شێرپەنجە لە سێ نەخۆشخانەیان تۆمار کراون و چارەسەریان وەرگرتووە.
هەینی، 6ـی تشرینی دووەمی 2026، د. حوسێن محەممەد عەبدولکازم، بەرپرسی بەبازاڕکردن و راگەیاندنی دامەزراوەی وارس بۆ گرێیەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چارەسەرەکانمان بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە خۆڕاییە، کە چارەسەر و دەرمانەکان دەگرێتەوە".
بەگوێرەی ئامارەکە، زۆرترین منداڵی تووشبووی شێرپەنجە کە ئەو دامەزراوەیە چارەسەری کردوون لە سنووری پارێزگای کەربەلا بووە، کە سێ هەزار و 300 منداڵ بوون و 24.4%ـی تێکڕای ئەو منداڵانە بووە کە لەو دامەزراوەیە تۆمار کراون. بەغدا بە ریزبەندیی دووەم دێت کە دوو هەزار و 633 منداڵ بوون و 19.5%ـی تێکڕای ئەو منداڵانە بووە کە دامەزراوەکە چارەسەری کردوون.
د. حوسێن محەممەد عەبدولکازم گوتی: "دامەزراوەکەمان ئەو منداڵانە چارەسەر دەکات کە تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمترە".
61 منداڵ لەوانەی چارەسەریان وەرگرتووە لە سنووری هەرێمی کوردستان بوون، 27ـیان لە پارێزگای سلێمانی، 19ـیان لە هەولێر و 15ـیان لە دهۆک بوون.
دوو لە نەخۆشخانەکانی سەر بە دامەزراوەی وارس لە کەربەلان و سێیەمیان لە بەسرەیە.




