رووداو دیجیتاڵ
دادگای پێداچوونەوەی بەغدا/رەسافە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی پابەندکردنی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی بە جێبەجێکردنی گرێبەستی پاکتاوکردن لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەرکرد. دەستەکەش دەڵێ، بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی ئەواندایە و کۆمپانیاکە پابەند دەکات بە زوویی پابەندییەکانی جێبەجێ بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە ( 10ی تشرینی دووەمی 2026)، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق لە راگەیێندراوێکدا یەکلاییکردنەوەی تانەیەکی دادوەریی لە بەرژەوەندیی خۆی سەبارەت بە گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "دادگەی پێداچوونەوەی بەغدا/رەسافە بە خەسڵەتی تێهەڵچوونەوە، لە 10ی تشرینی دووەمی 2026 بڕیارێکی دەرکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمە سەرەتاییەی دادگەی بەرایی رەسافە دەریکردبوو سەبارەت بە پابەندکردنی دەستەکە بە بەندەکانی گرێبەستی پاکتاوکردن کە لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم واژۆ کرابوو."
دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق روونکردنەوەی فەرمانگەی یاسایی خۆی خستووەتەڕوو و دەڵێ: "هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە واتە کۆمپانیای کۆڕەک ناتوانێت چی دیکە پشت بە حوکمە سەرەتاییە هەڵوەشاوەکە ببەستێت بۆ پابەندکردنی دەستەکە بە جێبەجێکردنی بەندەکانی رێککەوتنی چارەسەرکردنەکە."
دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە: "لەسەر بنەمای ئەم بڕیارە دادوەرییە، کۆمپانیای کۆڕەک پابەند دەبێت بە دانەوەی تەواوی ئەو قەرزە داراییانەی لەسەریەتی بە دەستەی راگەیاندن و گەیاندن، ئەوەش بەپێی رێکارە یاسایی و رێکخستنە پەسندکراوەکان."
دەستەی راگەیاندن و گەیاندن جەخت لە پاراستنی مافەکانی کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری سەرجەم رێکارە یاساییە پێویستەکان بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکان و پاراستنی مافەکانی دەوڵەت، لەگەڵ پابەندبوون بە جێبەجێکردنی یاساکان و بڕیارە دادوەرییەکان و رێکخستنی کەرتی پەیوەندییەکان بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی گشتی مسۆگەر بکات."
ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، رۆژی 1ی تشرینی دووەمی 2026، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم راگەیێندراوێکی لەبارەی کێشەکانی لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە کاتێکدا کۆڕەک بە رێگەی یاسایی داکۆکی لە مافەکانی خۆی و بەشداربووانی کردووە و رووبەڕووی ئەو بڕیارە ناڕەوایە بووەتەوە کە لەلایەن سەرۆکی دەزگای جێبەجێکاری دەستەی راگەیاندن و گەیاندنەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یەکلاکردنەوە ( پاکتاوکردن) دەرکراوە، کە چوارچێوەکەی بە رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاریکرابوو، کەچی سەرۆکی دەستە سوور بووە لەسەر هەڵوێستەکەی."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کۆڕەک تیلیکۆم، سەرۆکی دەستەکە پێی لە هەڵوێستەکەی خۆی ترازاندووە و رێکاری گرتووەتەبەر کە پەیوەندییان بە مۆڵەتەوە نییە، لەوانەش داخستنی بارەگای کۆمپانیاکە کە بەپێی یاسای کۆمپانیاکانی عێراق تۆمار کراوە.
