رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای نەجەف دوو برا و خوشکێک کەوتنە نێو رووبارەوە و خنکان. پۆلیس و تەندروستیی شارەکەش دەڵێن، رووداوەکە لە نزیک ماڵی خۆیان بووە.
عەقید موفید تاهیر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای نەجەف، ئەمڕۆ چوارشەممە 11-11-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، سێ منداڵ کە دوو برا و خوشکێکن، لەکاتی یاریکردن یەک لە دوای یەک کەوتوونەتە نێو ئەو رووبارەی دەکەوێتە پشت ماڵەکەیان و هەرسێکیان خنکاون."
منداڵەکان لە قۆناخی بنەڕەتی قوتابیی بوون. بەگوتەی بەرپرسەکەی پۆلیسی نەجەف، لە ناوچەی شەرمان لە سنووری ناحیەی عەباسییە لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری نەجەف روویداوە و بەهۆی کەمتەرخەمی بووە.
وردەکاریی رووداوەکە
هەر لەوبارەوە، عەلی ئەحمەد حەداد، گوتەبێژی تەندروستیی نەجەف ئەمڕۆ چوارشەممە ( 11ی تشرینی یەکەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،
بە گوتەی حەداد، لە نزیک ماڵی منداڵەکان لە ناوچەیەکی کشتوکاڵیدا، گۆمەئاوێک هەبووە کە لێوارەکانی قوڕ و لیتە بوون و زۆر خلیسک بووە. سەرەتا یەکێک لە منداڵەکان لە کاتی یاریکردندا خلیسکاوە و کەوتووەتە نێویەوە. منداڵی دووەم ویستوویەتی سەیری بکات و بە هانایەوە بچێت، بەڵام ئەویش خلیسکاوە و کەوتووەتە ناو ئاوەکەوە. منداڵی سێیەم (کە کچێک بووە) هەوڵی داوە هەردووکیان رزگار بکات، بەڵام بەهۆی خلیسکیی لێوارەکە و نەبوونی هیچ کەسێک لەو کاتەی نیوەڕۆدا لەسەر شەقامەکە، ئەویش کەوتووەتە ناو زێرابەکە و هەرسێکیان خنکاون.
هەوڵەکانی فریاگوزاری و داد پزیشکی
گوتەبێژی تەندروستیی نەجەف ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەوەی هاووڵاتییان پێیان زانیون و منداڵەکانیان دەرهێناوە، دەستبەجێ گەیەندراونەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئیمام سەجاد لە ناحیەی عەباسییە.
سەبارەت بە دۆخی منداڵەکان لە کاتی گەیشتنیان بە نەخۆشخانە، عەلی ئەحمەد حەداد گوتی: "تیمە پزیشکی و پەرستارییەکانمان لەوپەڕی ئامادەباشیدا بوون و سەرجەم رێکارە پزیشکییەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی ژیانیان ئەنجامدا، لەوانەش بووژاندنەوەی دڵ و سییەکان و دانانی تیوب بۆ دەرهێنانی ئاو لە سییەکانیان، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەوەی درەنگ گەیەندرابوونە نەخۆشخانە و پێشتر گیانیان لەدەستدابوو، هیچ نیشانەیەکی ژیانیان تێدا نەمابوو."
گوتەبێژی تەندروستیی نەجەف جەختی کردەوە، تەرمی منداڵەکان رەوانەی بەشی داد پزیشکیی نەجەف کرا بۆ دڵنیابوونەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانیان و راپۆرتی پزیشکیی دادوەریش دووپاتی کردووەتەوە کە هۆکاری سەرەکیی مردنەکە تەنیا خنکان بووە و هیچ هۆکارێکی دیکەی لەپشت نەبووە.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی پۆلیسی رووبار لە عێراق، ئەم ساڵ تاوەکو ناوەڕاستی مانگی تەمموز، 23 منداڵ لە ئاودا خنکاون کە تەمەنیان 10 بۆ 15 ساڵان بووە.


