رووداو دیجیتاڵ ئەمڕۆ شەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی یەکەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد و زنجیرەیەک رێنمایی بۆ باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری و ئابووریی وڵات دەرکرد. بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشەی وەزارەتەکان و داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنیان کرا، بە جۆرێک کارنامەی حکومەت لە خزمەت خەڵکدا بێت. سیاسەتی ئابووری و دۆسیەی نەوت زەیدی رێنمایی دا بە داڕشتنی سیاسەتێکی ئابووریی تۆکمە و دامەزراندنی ئەنجوومەنی سەقامگیریی دارایی. جەختی لەوەش کردەوە پێویستە وەزارەتی نەوت تەنیا لە فرۆشتنی نەوتی خاو نەمێنێتەوە، بەڵکو کار بۆ زیادکردنی بەرهەم و پەرەپێدانی کەرتی نەوت بکات. پەیوەندییەکانی دەرەوە و کارەبا سەرۆکوەزیران، وەزارەتی دەرەوەی راسپارد پلانێکی خێرا بۆ چالاککردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، ناوچەیی و جیهانی دابنێت. سەبارەت بە کارەباش، فەرمانی دا بە ئامادەکردنی دوو پلان؛ یەکێکیان بۆ چارەسەری خێرای کێشەی کارەبا لەم هاوینەدا و ئەوی دیکەیان بۆ پەرەپێدانی تۆڕی گشتیی کارەبا. گواستنەوە و تەندروستی سەرۆکوەزیران رێنمایی دا بە خێراکردنی پرۆسەی گۆڕانکاریی دیجیتاڵی و کاراکردنی یاسای دەستەبەری تەندروستی. هەروەها وەزارەتی گواستنەوەی راسپارد پەلە بکات لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی (رێگەی گەشەپێدان) بۆ ئەوەی عێراق بە بازرگانیی جیهانییەوە ببەسترێتەوە. گرنگترین رێنماییە کارگێڕییەکانی سەرۆکوەزیران: ● پێویستە وەزیرەکان لە ماوەی هەفتەیەکدا سەروەت و سامانی خۆیان ئاشکرا بکەن. ● لە ئێستادا هیچ گۆڕانکارییەک لە پۆست و پێکهاتەی وەزارەتەکاندا ناکرێت. ● هەر وەزارەتێک لە ماوەی 30 رۆژدا دەبێت کارە لەپێشینەکانی بۆ نێو کارنامەی حکومەت دیاری بکات. ● بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیرەکان دەبێت تەنیا لە فەرمانبەرانی خودی وەزارەتەکان بێت. ● مامەڵەکردن لەگەڵ باڵیۆزەکان دەبێت بەپێی رێکارە فەرمییەکان و بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی دەرەوە بێت. ● هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ پەرلەمان و لیژنە پەرلەمانییەکان بۆ بەهێزکردنی رۆڵی چاودێری بکرێت. ● ئاسانکاریی تەواو بۆ راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان بکرێت و رۆتین کەم بکرێتەوە. ● لەپێشینەی کارەکان بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هاوئاهەنگی بێت لەگەڵ دەستەی دەسپاکی بۆ گێڕانەوەی پارە دزراوەکان. ● کارکردن بە سیستمی "تاک پەنجەرە" بۆ وەبەرهێنان و دوورخستنەوەی دامەزراوەکان لە ململانێی حیزبی و سیاسی. ● وەزیرەکان دەبێت سەردانی مەیدانی بکەن بۆ ئاگاداربوون لە کێشەی خەڵک و چارەسەرکردنیان.