رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، سەرۆکى رەوتى نیشتمانى شیعە، پیرۆزبایی لە عەلى فالح زەیدى، سەرۆکوەزیرانى نوێی عێراق دەکات بەبۆنەى پێکهێنانى حکومەتەکەى و، هانى دەدات پارێزگارى لە سەروەریى وڵات بکات و بە تووندى لە دژى گەندەڵى بجەنگێت.
ئەو پیرۆزباییەى موقتەدا سەدر، لە راگەیێندراوێکى نووسینگەکەیدا بوو کە یەکشەممە 17ى ئادار بڵاویکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەى بەوە داوە، موقتەدا سەدر پەیوەندییەکى تەلەفۆنى بە عەلى فالح زەیدى کردووە و پیرۆزبایی لێ کردووە.
موقتەدا سەدر داواى لە سەرۆکوەزیرانى نوێ کردووە بە تووندى لە دژى گەندەڵى بجەنگێت و پارێزگارى لە سامانى وڵات بکات و ژیانێکى شایستە بۆ گەلى عێراق دەستەبەر بکات، وەک پێشکێشکردنى خزمەتگوزارى و پارێزگاریکردن لە مافەکانیان و بەدیهێنانى پێویستییەکانیان.
سەرۆکى رەوتى نیشتمانیی شیعە، هانى عەلى فالح زەیدى داوە کە پارێزگارى لە سەروەریى وڵات بکات و خزمەتگوزارییەکان باشتر بکات، لەدواى ئەوەى گوایە رژدبوونى لێ بینیوە بۆ باشترکردنى دۆخى عێراق.
14 وەزیرى کابینەى حکومەتەکەى عەلى فالح زەیدى لە 14ى ئایار لە پەرلەمان متمانەیان پێدرا و نۆ وەزارەتى دیکەى ماوە کە بەربژێرەکانیان بباتە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندکردنیان.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانى عێراق لە راگەیێنراوێکدا لەبارەى ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە ئاماژەى بەوە داوە، هەردوولا تاوتوێى دۆخى گشتیى وڵاتیان کردووە و لەگەڵ جێبەجێکردنى رێکارەکانى چاکسازی و بنەبڕکردنى گەندەڵى.
عەلى فالح زەیدى ستایشى هەڵوێستەکانى موقتەدا سەدر کردووە و باسیشى لە کاریگەریى رەوتى نیشتمانى شیعەى کردووە لەسەر واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتیى عێراق.
