رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی داهاتوودا دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای نەینەوا دەکرێت و نۆرەگرتن بۆ رادەستکردنی بە ئەلیکترۆنی دەبێت. بڕیاردراوە گەنمی دەرەوەی پلانی چاندنیش بە نرخى کەمتر وەربگیرێت.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بڕیاردراوە لە یەکی حوزەیرانەوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی سنووری نەینەوا بکرێت، جگە لەوە بەرهەمی 250 بۆ 300 هەزار دۆنمی دیکەش وەردەگیرێت، کە لە دەرەوەی پلانی چاندنن، بەڵام بە نرخێکی کەمتر کە 500 هەزار دینارە بۆ یەک تۆن.
پشکی پارێزگای نەینەوا لە زەویی چێنراو بە گەنم بۆ ئەم ساڵ، لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵیدا زیاتر لە 600 هەزار دۆنمە.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند، چارەسەر بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ناوچە کوردستانییەکانی سنووری نەینەوا کراوە؛ بۆ نموونە گەنمی گوێڕ لە سایلۆی هەولێر، باشیک و حەمدانییە و تەلکێف لە سایلۆی رۆڤیا وەردەگیرێن.
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو گەنمەی کە لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵیدا دەچێنرێت، هەر تۆنێکی بە 700 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت.
سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، ئەمساڵ بۆ یەکەم جار نۆرەگرتن بۆ رادەستکردنی گەنم بە رێگەی بەستەرێکی ئەلیکترۆنی دەبێت، کە رۆژ و کاژێری رادەستکردن بۆ جووتیارەکە دیاری دەکات و گەنمەکەی وەک ساڵانی پێشوو بە بارهەڵگرەوە ناباتە نۆرەی وەرگرتن، کە تێچووی مانەوەی لە ناو بارهەڵگردا دەبووە قورساییەکی دارایی لەسەر شانی.
تێکڕای زەویی چێنراو بە گەنم لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵیدا، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 4.5 ملیۆن تۆنە.
