رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەیاندنی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار بەشداربووی ئینتەرنێت لە عێراق هەن، کە بە فەرمی لە لایەن دەوڵەتەوە تۆمارنەکراون و بەشداریکردنەکەیان "ناڕەوایە" و هەندێکیشیان ئینتەرنێت لە مانگە دەستکردەکانی ستارلینک وەردەگرن.
مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق لە نووسینێکدا لە تۆڕی ئێکس ئەو روونکردنەوەیەی بڵاوکردووەتەوە.
بەگوتەی وەزیری گەیاندنی عێراق، دەوڵەت هیچ رسومات و باجێکی لەو بەشداربووانەی ئینتەرنێت دەست ناکەوێت و هەندێکیشیان ئینتەرنێتیان لەلایەن دزەپێکەرانەوە دەست دەکەوێت، بەبێ ئەوەی ئەو بەشداربووانە بەوە بزانن، هەندێکیشیان بە کوالێتییەکی کەم پێیان دەدرێت.
مستەفا سەنەد رایگەیاند، هەندێک لەو کەسانە ئینتەرنێتیان لە رێگەی مانگە دەستکردەکانی وەک ستارلینکەوە پێ دەفرۆشرێت و دەڵێت، "چەندین دۆلار بە هەوا و بەبێ سوود دەچێت بۆ ئیلۆن ماسک."
لە ساڵی 2023ـەوە ئیلۆن ماسک، ملیاردێری ئەمریکی، خستنەگەڕی ئینتەرنێتی ستارلینکی رایگەیاند، کە لە رێگەی چەند مانگێکی دەستکردەوە ئینتەرنێت بە نرخێکی کەمتر دەگەیێنێتە وڵاتان.
وەزیری گەیاندنی عێراق رایگەیاند: لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی داهاتووەوە سەرپەرشتی هەڵوەشاندنەوەی ئەو تۆڕانە دەکات و دەیانداتە دادگا.
مستەفا سەنەد گوتی، "ئەم لێدوانەم دەکرێت وەک دوایین ئاگادارکردنەوە وەربگیرێت بەر لەوەی کار لە کار بترازێت، لەبەر ئەوەی ئێمە لایەنی مرۆیی لەبەرچاو دەگرین بەر لەوەی دەست بە جێبەجێکردنی دادوەری بکەین، بەڵام لەگەڵ دزەپێکەرە گەورەکان بەخشندە نابین."
