رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، بەم نزیکانە رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەنگدان لەسەری. دەشڵێت، لە دوای جەژنی قوربان وەزارەتە بەتاڵەکانی حکومەت دەنگیان لەسەر دەدرێت.
چوارشەممە 27ی ئایاری 2026، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بە رووداوی رایگەیاند: کێشەی جووتیارانی کەرکووک پەیوەندیدارە بە دوو پرسەوە؛ یەکێکیان بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکووری دەسەڵاتی پێشووی عێراقە، کە بڕیاری ژمارە 29ی لەبارەیەوە دەرچووە، بڕیارەکەیان ناردووە بۆ کەرکووک و ئێستا هاووڵاتییان دەتوانن مامەڵەی خۆیان بکەن لە ناوچەکانی شوان، قەرەهەنجیر، لەیلان و بەشێکی دووبز و ساڵەیی.
ئەو بڕیارە لە ساڵی 2012 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەرکرا بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو بڕیارانەی لەلایەن لیژنەی کاروباری باکووری دەسەڵاتی پێشووی عێراق دەرکرابوون، بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەویوزار و موڵک هاووڵاتییانی کورد.
خالید شوانی رایگەیاند هەندێک ناوچەی دیکەش کێشەی تێدایە، کە پێویستییان بەوە هەیە بزانرێت لە دوای ساڵی 2003 قەرەبوویان وەرگرتووە، ئەوەش رێکاری کارگێڕیی ماوە و بڕیاری لێ دەردەچێت.
لە 21ی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی پەسەند کرد، کە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی پێشووی دەسەڵاتی حوکمی بەعسە و دەرفەت دەدات بە گەڕاندنەوەی زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەویی داگیرکراوی کورد و تورکمان.
وەزیری دادی عێراق ڕایگەیاند ئەوەی پەیوەندیدار بێت بە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ، رێنماییەکەی لە قۆناخی کۆتایی داڕشتنیدایە لە ئەنجوومەنی دەوڵەت؛ لە نێوان دوو هەفتە بۆ مانگێک تەواو دەبێت و دەگەڕێتەوە ئەنجوومەنی وەزیران و دەخرێتە بەردەم ئەو ئەنجوومەنە بۆ ئەوەی بڕیاری لێ بدات.
هێشتا ئەنجوومەنی وەزیرانی نوێی عێراق بەبێ نۆ وەزیرە، کە لە کۆبوونەوەی 14ی ئایار دەنگیان لەبارەیەوە نەدرا.
خالید شوانی گوتیشی، "پێش پشووی جەژن چەند کۆبوونەوەیەک کراون، هەموو بۆچوونەکان وایە کە لە دوای جەژن و لە نزیکترین کاتدا، ئەو وەزارەتانەی کە بە بەتاڵی ماونەتەوە وەزیریان بۆ کاندید دەکرێت و لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر دەدرێت و کابینەی نوێی حکومەت تەواو دەکرێت."