رووداو دیجیتاڵ
لە یەکێک لە شارەکانی یاری لە ناوچەی کەرخی بەغدا، 11 هاووڵاتی لە بەرزاییەکی یارییەکدا گیریان خوارد و تیمەکانی بەرگریی شارستانی دوای پرۆسەیەکی ئاڵۆز توانییان هەموویان رزگار بکەن.
نوئاس سەباح شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەرگریی شارستانیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 28ـی ئایاری 2026 بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، تیمەکانمان ئاگادارکرانەوە لە هەبوونی رووداوێکی گیرخواردنی هاووڵاتییان لە یاریی 'ستار فلایەر' (Star Flyer) لە ناوچەی کەرخی شاری بەغدا؛ دەستبەجێ تیمەکانی رزگارکردن گەیشتنە شوێنەکە."
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە و وردەکاریی رزگارکردنەکە، نوئاس سەباح گوتی: "یارییەکە بە شێوەیەکی لەناکاو لەکارکەوتووە، ئەوەش بووەتە هۆی گیرخواردنی 11 هاووڵاتی کە ئەندامی چەند خێزانێک بوون لە بەرزاییەکی زۆردا. تیمەکانمان ئۆتۆمبێلی پەیژەی تایبەت بە بەرزاییەکانیان بەکارهێنا بۆ گەیشتن بەو کەسانە."
بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەرگریی شارستانی، سەرەڕای "ئاڵۆزیی بارودۆخی شوێنەکە"، بەڵام تیمەکان توانییان بە سەرکەوتوویی هەموو ئەو کەسانە بهێننە خوارەوە.
ئەو بەرپرسەی بەرگریی شارستانی رایگەیاند، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و برینداری لێنەکەوتووەتەوە و هەموو هاووڵاتییەکان بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە نێو خێزانەکانیان.