رووداو دیجیتاڵ
دەستەی کەشناسیی عێراق و شارەزایانی کەشناسی دەڵێن، رۆژی هەینی لە هەندێک ناوچەی عێراق خۆڵبارین دەبێ، لە هەرێمی کوردستانیش پێشبینیی باران لە هەندێک ناوچە و دابەزینی پلەی گەرما دەکرێت.
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 28-05-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی هەینی بای باکووری رۆژئاوا بەخێرایی 40 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا هەڵدەکات، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی تۆز و خۆڵبارینێکی کەم تاوەکو مامناوەند، کە زیاتر لە ناوچە بیابانییەکاندا کاریگەری دەبێت."
بە گوتەی عامر جابری، مەدوای بینین پێنج بۆ حەوت کیلۆمەتر و لە ناوچەکانی خۆڵبارین دوو بۆ چوار کیلۆمەتر دەبێ. جگە لە خۆڵبارین، پێشبینی دەکرێت لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان باران ببارێت و پلەکانی گەرماش چەند پلەیەک دابەزێ.
ئاسۆ کەمال، شارەزای کەشناسی لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"ئەمڕۆ پێنجشەممە پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان بەرزدەبێتەوە، بەڵام بۆ سبەی هەینی بارستە هەوایەکی سارد روو لە ناوچەکە دەکات و پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ دادەبەزێت."
ئەو شارەزایەی کەشناسی باسی لەوەش کرد، بەهۆی خێرایی با و کاریگەریی بای رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای عێراق، سبەی لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان تۆز و خۆڵ دروست دەبێت، کاریگەرییەکەی زیاتر لەسەر ناوچەکانی رۆژئاوا و باشووری هەرێمی کوردستان دەبێت و مەودای بینین کەم دەکاتەوە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسیی عێراق، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی هەینی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەن:
- سلێمانی: 35 پلە
- دهۆک و هەولێر: 36 پلە
- نەینەوا: 38 پلە
- کەرکووک: 40 پلە
لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و رۆژئاوای عێراق :
- سەلاحەدین: 41 پلە
- دیالە و ئەنبار: 42 پلە
- بەغدا: 44 پلە
- کەربەلا، نەجەف، واست و بابل: 45 پلە
پارێزگاکانی باشووری عێراق:
- دیوانییە: 46 پلە
- موسەنا، میسان و بەسرا: 47 پلە
- زیقار: 48 پلە
