رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق ئاماری نوێی ئەو زیندانییانە ئاشکرا دەکات بەپێی یاسای لێبووردنی گشتی ئازادکراون و دەڵێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 12 هەزار کەس لەو چوارچێوەیەدا گەڕاونەتەوە نێو خێزانەکانیان.
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 28-05-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دەستپێکی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتییەوە تاوەکو 24ـی ئایاری 2026، کۆی گشتیی ئەو زیندانییانەی لە زیندانەکانی سەر بە وەزارەتی داد ئازادکراون، گەیشتووەتە 12 هەزار و 512 کەس.
سەبارەت بەو کەسانەی لە دەرەوەی یاسای لێبووردن ئازادکراون، گوتەبێژی وەزارەتی داد ئاماژەی بەوە کرد، پێنج هەزار و 379 کەسی دیکە بەپێی بڕیاری جیاوازی دادگەکان ئازادکراون، کە پڕۆسەی ئازادکردنەکەیان یان "ئازادکردنی مەرجدار" بووە، یان ماوەی سزاکەیان بەتەواوی کۆتایی هاتووە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، پێشتر باسی لە ئازادکردنی 42 هەزار کەس کردبوو، سەبارەت بە جیاوازیی ئامارەکەی ئەوان و ئەنجوومەنی دادوەری، لعێبی روونی کردەوە: "ئامارەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی تەواوی دەستگیرکراون دەگرێتەوە بە راگیراون و ئەوانەشی لە وەزارەتی ناوخۆش دەستگیرکراون، بەڵام ئامارەکەی ئێمە تەنیا تایبەتە بەو زیندانییانەی کە لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی داددابوون."
