رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای ئەوفیا لە عێراق رایگەیاند، یەکێک لە سەرکردەکانیان بە دەستێکی عێراقی "تیرۆر کراوە" و داوا لە حکومەت دەکات لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکات.
رۆژی پێنجشەممە 28ی ئایاری 2026، ئەو بزووتنەوەیە راگەیێندراوێکی لەبارەی کوژرانی عودەی موحسین جەبار حەلفی ناسراو بە (شێخ زافیر) بڵاو کردەوە، کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی بزووتنەوەکە و لە پارێزگای مەیسان کوژرا.
بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای ئەوفیا لە عێراق رایگەیاند، ئەو سەرکردەیەیان بە دەستێکی عێراقی "تیرۆر کراوە" و ئەو رووداوە تەنیا بەئامانجگرتنی سەرکردەکانیان نییە، بەڵکو پلانێکە بۆ دروستکردنی درز و ئاژاوەگێڕی لەنێوان رۆڵەکانی یەک مەزهەب.
شێخ زافیر لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلەکەیدا کوژرا، بزووتنەوەکە دەڵێت: کەسێکى دیکەشی لەگەڵدا بووە و بریندارە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە.
ئەنساروڵڵای ئەوفیا لە عێراق بەرپرسیارێتیی ئەو رووداوە دەخاتە ئەستۆی چەند لایەنێکی باڵادەست بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت و داواشی لە حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان و دادوەرییەکان کردووە لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە بکەن بۆ ئاشکراکردنی وردەکاریی رووداوەکە و دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی و ئەوانەی لە پشتیانەوەن.
ئەو بزووتنەوەیە لە ساڵی 2013 دامەزراوە و یەکێکە لە گرووپە چەکدارە نزیکەکان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، و لیوای 19ی لەنێو حەشدی شەعبیدا هەیە.
حەیدەر غەڕاوی، سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای ئەوفیا لە عێراق دەکات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاداشتی 10 ملیۆن دۆلاری دیاریکردووە بۆ هەر کەسێک کە زانیاری لەبارەیەوە بدات.
