رووداو - هەولێر
گەنجێکی کورد بە ناوی ئەحمەد عەبدوڵڵا، ناسراو بە ئەحمەد کوردی کە لەگەڵ تیمێکی خۆبەخش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوێت کاری دەکرد، لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لە دەستدا.
عومەر کوردی، پوورزای گەنجەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەحمەد عەبدوڵڵا ساڵی 1999 لە کوێت لە دایکبووە و لەوێیش نیشتەجێبووە، دواتر چووەتە دانیمارک و دوای وەرگرتنی وڵاتینامە گەڕاوتەوە کوێت.
پورزاکەی ئەو گەنجە کوردە ئاماژە بەوە دەکات، لە چەند هەفتەی رابردوویشدا لە تیمێکی خۆبەخشی دژی ڤایرۆسی کۆرنادا بووە. دوێنێ شەو تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بووە و لە ناوچەی رەی سناعە ئۆتۆمبێلەکەی بە بەربەستێکی کۆنکرێتیدا کێشاوە و ئۆتۆمبێلەکەی ئاگری گرتووە. هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی بەردەوامبوون، بەڵام دواجار گیانی لە دەستدا.
ئەحمەد کوردی تەمەنی 21 ساڵ بوو و خانەوادەکەی لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسێندا چوونەتە کوێت، پێش هێرشی سەر کوێت لەلایەن سوپای پێشووی عێراقەوە لەگەڵ زۆربەی خێزانە کوردەکانی کوێت بەرەو ئەوروپا کۆچیان کردووە.
دوای کۆنترۆڵکردنەوەی کوێت، نزیکەی 50 خێزانی کورد گەڕانەوە ئەو وڵاتە و جارێکی دیکە لە ناوچەی حولی نیشتەجێ بوون کە ناوچەیەکە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن.



