رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک دەڵێ، ئەو بڕە گەنمەی حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی دیاریکردووە زۆر کەمە؛ دەشڵێت: "ئەم ساڵ بەهۆی زۆریی بەرهەم و کەمکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان، جووتیاران رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە دەبنەوە."
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، ئەوان ئەو بڕە رەتدەکەنەوە کە بۆ هەرێمی کوردستان و بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکەش لیژنەیەکی باڵای هاوبەش لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانیی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی عێراق بە مەبەستی زیادکردنی بڕی ئەو گەنمە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 5-5-2026 پشکی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە 400 هەزار تۆن جێگیر کرد. بەگوێرەی بڕیارەکە، 292 هەزار تۆنی بە پارەی نێو پلان (700 هەزار) و 108 هەزار تۆنەکەی دیکە بە پارەی دەرەوەی پلان (500 هەزار) دەبێت.
ئەحمەد جەمیل دەڵێت: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان کێشەی دەرەوەی پلانمان نییە، چونکە تەواوی ئەو رووبەرەی چێنراوە لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵدایە و ناوی هەموو جووتیارانمان بۆ بەغدا ناردووە کە تەنیا دهۆک 7 هەزار کەسن، بۆیە ئەم بڕە دیاریکراوە جێگەی سەرسوڕمانە و لەلایەن لیژنەکانمانەوە رەتکراوەتەوە."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک هۆشداری دەدات کە ئەم ساڵ کێشەی جووتیاران زۆر گەورەتر دەبێت بەهۆی سێ هۆکاری سەرەکی:
1.زیادبوونی بەرهەم: بەهۆی بارانبارینی باش لە پارێزگای دهۆک، لە کۆی 903 هەزار دۆنم زەویی چێنراو، پێشبینی دەکرێ بەرهەم بگاتە 500 بۆ 600 هەزار تۆن. تەنانەت چاوەڕوان دەکرێ لە هەندێک ناوچە هەر دۆنمێک یەک تۆن بەرهەمی هەبێت.
2.کەمیی پشکی هەرێمی کوردستان: ئەو بڕەی بەغدا دیاریکردووە زۆر کەمە و بە هیچ شێوەیەک گونجاو نییە لەگەڵ ئەو رووبەرە فراوانەی چێنراوە.
3.کێشەی ساخکردنەوە لە بازاڕ: لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی وشکەساڵی لە پارێزگای نەینەوا، بازرگانان گەنمی هەرێمی کوردستانیان دەبرد بۆ نێوەڕاست و باشووری عێراق، بەڵام ئەم ساڵ نەینەوا بەرهەمێکی زۆری هەیە، بۆیە بازرگانان وەک پێشتر گەنمی جووتیارانی ئێمە ناکڕنەوە.
ئەحمەد جەمیل رەخنە لە وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانیی عێراق دەگرێ و دەڵێت: "عێراق بۆ پارێزگاکانی خۆی رووبەری چاندنی دیاریکردووه، بەڵام بە ئەنقەست هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکات. پێویست بوو لە مانگی 11ی ساڵی رابردوودا ئەم گفتوگۆیە بکرایە و پلان دیاریبکرایە بۆ ئەوەی جووتیاران ئاگادار بن، نەک ئێستا کە کاتی دروێنەیە."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک داوا دەکات وەک چۆن مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێ، بە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت، چونکە نەکردنی ئەمە بە واتای فەوتانی ماندووبوونی هەزاران جووتیار و زیانگەیاندنێکی گەورە بە ئاسایشی خۆراک دێت.