رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند مانگێک لە راوەستانی، ناردنی 120 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگای دیالە دەستیپێکردەوە؛ ئەوەش پشکی کارەبای پارێزگاکەی بۆ 850 مێگاوات زیادکردووە و بڕیارە کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی زیاد بکات.
فارس موزاحیم جبووری، سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، ئەمڕۆ شەممە 30ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوێنێوە ناردنی 120 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای دیالە دەستیپێکردووەتەوە."
سەبارەت بە هۆکاری راوەستانی پێشتر، فارس جبووری روونی کردەوە کە ئەو کارەبایە لەلایەن وەبەرهێنەرێکی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان دابین دەکرێ کە گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراق هەیە، بەڵام "بەهۆی دواکەوتنی شایستە داراییەکانی وەبەرهێنەرەکە لای وەزارەتی کارەبای عێراق، ناردنی ئەو بڕە کارەبایە راگیرا."
سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە گوتیشی: "دوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانی ئیدارەی پارێزگای دیالە، وەزارەتی کارەبای عێراق بڕیاری دا شایستە داراییەکانی وەبەرهێنەرەکە دابین بکات، بەوەش دوای چەندین مانگ لە وەستانی، ئەو 120 مێگاواتە گەڕایەوە و پشکی کارەبای دیالە بۆ 850 مێگاوات کارەبای رۆژانە بەرزبووەوە."
هاوکات میقداد عەلی عەواد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دیالە، ئەمڕۆ شەممە 30ی ئایاری 2026 لە راگەێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "تیمەکانمان سەرجەم پێداویستییە تەکنیکییەکانیان تەواو کردووە و هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا لەگەڵ هەرێمی کوردستان (کەلار 1 و کەلار 2) بە توانای 132 کەی ڤی خرانەوە گەڕ."
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دیالە ئاماژەی بەوە کرد، گەڕانەوەی ئەم دوو هێڵە جگە لە زیادکردنی کاژێرەکانی کارەبا، دەبێتەهۆی جێگیربوونی ڤۆڵتییە لە ناوچەکانی باکووری دیالە و گوشاری سەر وێستگەی گۆڕینی کارەبای دیالە (400 کەی ڤی) کەمدەکاتەوە، ئەمەش "دەستکراوەیەکی زیاتر بە تۆڕی نیشتمانی دەدات بۆ ئەوەی بتواندرێ کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لە سەرتاسەری پارێزگاکەدا زیاد بکرێ."
