رووداو دیجیتاڵ
بەغدا بڕیاری داوە 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکڕێ، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای زیادکردنی ئەو بڕە دەکات، چونکە پێشبینی دەکات ئەم ساڵ بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان بگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "پێش جەژن، لیژنەیەکی باڵا لە هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ لیژنەی باڵای عێراق کۆبووینەوە بۆ دیاریکردنی بڕی گەنمی وەرگیراو. سەرەتا لایەنی عێراقی بڕی 292 هەزار تۆنی دیاریکردبوو، بەڵام ئێمە رەتمانکردەوە واژۆی لەسەر بکەین."
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هۆکارەکانی رەتکردنەوەکەی بۆ بەرزیی ئاستی بەرهەمی پێشبینیکراوی گەنم لەم ساڵدا گەڕاندەوە و گوتی: "ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 3 ملیۆن و 330 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە، بارانبارینیش زۆر باش بووە و بنەتۆوی باش دابەشکراوە. ئەم هۆکارانە وادەکەن بەرهەمی گەنم زۆر زیاتر بێت لە ساڵانی رابردوو."
بە گوتەی نەوزاد شێخ کامیل، بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەم ساڵ بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان "زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن" دەبێت.
دوای هەوڵ و پەیوەندییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان، بڕی 108 هەزار تۆنی دیکە بۆ پشکی هەرێمی کوردستان زیادکراوە و کۆی گشتی گەیشتووەتە 400 هەزار تۆن. سەرەڕای ئەمەش، نەوزاد شێخ کامیل دەڵێ: "ئێمە بەوەش رازی نەبووین، چونکە بەڕاستی ئەو بڕە شایەنی ئەو گەنمەی کوردستان نییە. ئێستا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی ئەو بڕە زیاتر بکرێ."
نەوزاد شێخ کامیل هەروەها گوتی: "پەرلەمانتارانی کوردیش لە بەغدا یاداشتێکیان بە واژۆی 100 پەرلەمانتار ئامادە کردووە بۆ زیادکردنی بڕی گەنمی وەرگیراو و گۆڕینی نرخەکەی."
سەبارەت بە توانای هەڵگرتنی گەنم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان کێشەی سایلۆ و شوێنی هەڵگرتنی نییە و گوتی: "ئێمە 11 سایلۆمان هەیە کە توانای هەڵگرتنی نزیکەی 900 هەزار تۆن گەنمیان هەیە. لە کاتێکدا ئێستا نزیکەی 230 هەزار تۆن گەنم لە سایلۆکاندا ماوەتەوە، واتە توانای وەرگرتنی نزیکەی 750 هەزار تۆن گەنمی دیکەمان هەیە."
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو جووتیارانەی کە گەنمەکەیان لەلایەن حکومەتەوە وەرناگیرێ، دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان گەنمی زیادە لە جووتیاران دەکڕن. نەوزاد شێخ کامیل دەڵێ: "ئەو دوو کۆمپانیایە دوای تەواوبوونی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکان، لەگەڵ لیژنەیەکی حکومی دادەنیشن بۆ دیاریکردنی نرخێک کە لە نرخی بازاڕی ئازاد بەرزتر و لە نرخی حکومەت کەمتر بێت بۆ ئەوەی گەنمی جووتیاران بکڕن."
بۆ پاراستنی بەرهەمی نێوخۆیی، حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکاری گرتووەتەبەر. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتی: "دوو مانگ پێش دەستپێکردنی وەرزی وەرگرتنی گەنم، بە نووسراوی فەرمی هەموو دەروازە سنوورییەکان ئاگادار دەکەینەوە کە هاوردەکردنی گەنم بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە تاوەکو تەواوبوونی پرۆسەکە."
نەوزاد شێخ کامیل ئەوەی دووپاتکردەوە کە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی هەناردەکردنی گەنمی نییە و گوتی: "ئەو بابەتە تەنیا لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدایە. جگە لەوەش، نرخی بەرهەمهێنانی گەنم لە کوردستان بەرزترە لە نرخی بازاڕی جیهانی، بۆیە هەناردەکردنی لە رووی ئابوورییەوە سوودی بۆ جووتیاری ئێمە نابێت."