رووداو دیجیتاڵ
کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان لە جەژنی قوربانی ئەم ساڵدا بووژانەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری پارێزگاکان، لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە زیاتر 350 هەزار گەشتیار تۆمارکراون.
هەولێر؛ هاتنی گەشتیاران بەراورد بە پار 10% زیادیکردووە
نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند، پلانی ئەم ساڵ زۆر بە باشی بەڕێوەچوو و کەرتی گەشتیاری گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە.
نەریمان فازڵ گوتی: "پار لە جەژنی قورباندا 89 هەزار گەشتیار هاتبوونە پارێزگای هەولێر، بەڵام ئەم ساڵ بەپێی ئاماری بازگەکان، تەنیا لە 5 رۆژدا زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگاکەیان کردووە، کە زۆربەیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون."
سلێمانی و هەڵەبجە؛ پشکی شێریان بەرکەوتووە
لە پارێزگای سلێمانی، قەرەباڵخییەکی زۆر لە شوێنە گەشتیارییەکان بینرا. کیژان عەبدوڵڵا، لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی گەشتوگوزاری سلێمانی رایگەیاند: "لە رۆژی پێش جەژنەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگاکەیان کردووە و پلانەکە بێ کەموکوڕی جێبەجێ کراوە."
بە گوتەی لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی گەشتوگوزاری سلێمانی، ئەم ساڵ کەرتی گەشتیاری لە سلێمانی بووژاوەتەوە و گوتیشی: "بەشی زۆری گەشتیاری خواروو و، ناوەڕاستی عێراق بوون".
هەروەها هەورامان جەلال، گوتەبێژی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار روویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەڵەبجە کردووە." باسی لەوەشکرد، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ قایمقامیەت، چاودێری وردی بازاڕ و شوێنەکان کراوە بۆ رێگری لە هەر سەرپێچییەک.
دهۆک؛ 50 هەزار گەشتیار لە 5 رۆژدا
لە دهۆکیش، جموجۆڵێکی گەورەی گەشتیاری هەبوو. شەماڵ هروری، گوتەبێژی گەشتوگوزاری دهۆک بە رووداوی گوت: "رۆژانە زیاتر لە 8 هەزار گەشتیار هاتوونەتە دهۆک و لە ماوەی 5 رۆژدا کۆی گشتیی گەشتیاران گەیشتووەتە زیاتر لە 50 هەزار کەس". ئەمە لە کاتێکدایە، ساڵانی رابردوو دهۆک ئەم ژمارە زۆرەی گەشتیاری بەخۆیەوە نەبینی بوو.
بە گوتەی شەماڵ هروری، پارێزگاکە بۆ شەوێک توانای حەواندنەوەی 17 هەزار گەشتیاری هەیە. باسی لەوەشکرد، لە ناوشار و دەروازە گەشتیارییەکاندا گەشتیاران بە ئازادانە گەڕاون و هیچ کێشەیەکیان بۆ دروستنەبووە.
دەستەی گەشتوگوزار: نزیکەی 80٪ـی گەشتیاران عێراقین
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "هەموو ناوچە گەشتیارییەکان پڕ بوون لە گەشتیار. هێزە ئەمنییەکان و فەرمانگەکان هاوکارییەکی زۆر باشیان کردین بۆ ئەوەی هیچ رووداوێکی نەخوازراو روونەدات."
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بەشێکی زۆری ئەو گەشتیارانی روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن خەڵکی خوار و ناوەڕاستی عێراقن، ساڵانە 75 بۆ 80٪ـی ئەو گەشتیارانەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن خەڵی ئەو ناوچانەن؛ ساڵ بۆ ساڵیش رێژەکەی بەرز دەبێتەوە".
لە دوو ساڵی پێشوودا لە پشووەکانی جەژنی قورباندا زیاتر لە 400 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو، کە زۆرینەیان لە نێوەڕاست و باشووری عێراقەوە بوون.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 3,100 بنکە و شوێنی گەشتیاری هەن، کە زیاتر لە 70,000 قەرەوێڵە (جێگەی خەوتن) لە هۆتێل و مۆتێلەکاندا دابین کراوە.
گەشەی ساڵانە:
ساڵی 2022: نزیكەی 6 ملیۆن گەشتیار.
ساڵی 2023: نزیكەی 7.3 ملیۆن گەشتیار.

