رووداو دیجیتاڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە رۆژانی جەژنی قورباندا، کەمپەینێکی بەرفراوانی مرۆیی بۆ هاوکاریکردنی خێزانە کەمداهاتەکان، ئاوارەکان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و ناوچە دابرێنراوەکان دەستپێکرد. بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە پارسیڵی خۆراک، ئارد و گۆشتی قوربانی، زیاتر لە 26 هەزار و 570 خێزان سوودمەند بوون. ئامارە گشتییەکانی هاوکارییەکان بەپێی ئەو داتایانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڵاویکردەوەتەوە، لە رۆژانی جەژنی قورباندا هاوکارییەکان بەم شێوەیە دابەش بوون: 13هەزار و 270 خێزان پارسیڵی خۆراکیان پێدراوە. 6 هەزار و 800 خێزان ئاردیان وەرگرتووە. 6 هەزار و 500 خێزان گۆشتی قوربانییان پێ گەیشتووە. 325 کەسیش سوودمەند بوون لە دابینکردنی جلوبەرگی جەژن. لە کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان؛ 3 تۆن گۆشت دابەشکرا لە سنووری پارێزگای کەرکووک، دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵمەتێکی فراوانی کردووە. لە قەزای دووبز و ناو شاری کەرکووک سێ تۆن گۆشتی قوربانی بەسەر 1000 خێزاندا دابەش کرا. هەروەها لە گوندەکانی دەوروبەری کەرکووک وەک (پەلکانە، شەنەغە، قەپران و سەربەشاخ) 200 خێزانی دیکە بەشە گۆشتیان پێدرا، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانی ئەو خێزانانە لە رۆژانی جەژندا. چالاکییەکانی سنووری هەولێر و ئیدارەی سۆران بەپێی ئامارەکانی دەزگاکە، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 395 خێزانی کەمداهات گۆشتی قوربانییان پێشکەش کرا. لە سنووری مێرگەسۆر و بلێ، بە هاوئاهنگی لەگەڵ چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، سەبەتەی خۆراک بەسەر 200 کەسی خاوەن پێداویستیی تایبەتدا دابەش کرا. هاوکات لە کەمپی بەحرکە و کەمپی دیبەگە، هاوکاریی گەورە گەیێندرایە ئاوارەکان؛ بە شێوەیەک لە دیبەگە 674 خێزان (کە پێکهاتبوون لە 3,499 کەس) گۆشتیان وەرگرتووە. هەروەها لە کەمپی حەسەن شام جلوبەرگ و شیر بۆ 100 منداڵ دابین کرا. لە راگەییندراوەکدا هاتووە، لە كەمپی بەحرکە1 لە سنووری پارێزگای هەولێر، گۆشتی قوربانی بە سەر 55 خێزانی دانیشتووی كەمپەكە دابەش کراوە. سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان دەزگای خێرخوازی بارزانی راگەیاند، لە پارێزگای سلێمانی و لە شارەدێی پیرەمەگرون، تەنیا لە یەک رۆژدا هەزار و 500 کیلۆگرام گۆشتی قوربانی بەسەر 750 خێزاندا دابەش کراوە. لە سنووری گەرمیان و قەزای دەربەندیخانیش، زیاتر لە 800 کیلۆگرام گۆشت بەسەر 400 خێزانی گەڕەکەکانی سەرا و کانی توو دابەش کرا. هەرچی پارێزگای هەڵەبجەیە، 638 کیلۆگرام گۆشت گەیێندرایە دەست خێزانەکانی ناحیەی سیروان و بەمۆ، کە تێیدا 319 خێزان سوودمەند بوون. دهۆک، زاخۆ و ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆک، گرنگییەکی زۆر بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان درا و 515 کەس گۆشتی قوربانییان پێدرا.. لە قەزای ئاکرێ 270 خێزان و لە زاخۆش 270 خێزانی دیکە هاوکارییان وەرگرت. هەروەها لە سنووری قەزای ئامێدی (سەرسنگ، دێرەلوک و شێلادزێ) گۆشت گەیێندرایە 150 خێزان و لە کەمپی خازریش 111 خێزان سوودمەند بوون. دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، کە ئەم پڕۆژانە بەشێکن لە ستراتیژییەتی مرۆیی بەردەوامی دەزگاکە بۆ گەیاندنی دەستی پشتگیری بۆ هەژاران و کەمداهاتەکان لە هەموو بۆنە نیشتمانی و ئایینییەکاندا، بە ئامانجی چەسپاندنی دادپەروەری لە دابەشکردنی کۆمەک و هاوکارییەکاندا. هاوکاریی نێودەوڵەتی؛ دێرەزووری سووریا پێشەوا پەهلەوی، رێکخەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سووریا، بۆ تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، دەزگاکە بارهەڵگرێکی هاوکاریی بۆ هەزار خێزانی لێقەوماوی لافاو لە پارێزگای دێرەزوور ئامادە کردووە و بارهەڵگرەکە لە رێگەدایە بۆ گەیاندنی کۆمەکەکان. پەهلەوی روونی کردەوە، کلینیکێکی گەڕۆک بە هاوکاریی تیمێکی پزیشکیی پسپۆڕ هاوڕێیەتی بارهەڵگرەکە دەکەن، تاوەکو پشکنینی سەرەتایی و دەرمانی بێبەرامبەر پێشکەش بە زیانلێکەوتووان بکەن. لەبارەی شێوازی کارکردنیان، رێکخەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی: "دەزگاکە وەک رێکخراوێکی نێودەوڵەتی لە سووریا مۆڵەتی فەرمیی هەیە و هاوئاهەنگی بەردەواممان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی سووریا هەیە؛ بۆ دابەشکردنی هاوکارییەکانی دێرزوریش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر دیاریکردنی خاڵەکانی دابەشکردن لە ناوچەی (جەزیرە) رێککەوتووین."