رووداو دیجیتاڵ
سایلۆی هەولێر ئاگاداری ئەو جووتیارانە دەکاتەوە کە تاوەکو ئێستا شایستەی دارایی ساڵی 2015ـیان وەرنەگرتووە، سەردانی سایلۆ بکەن بۆ وەرگرتنی چەکەکانیان. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێریش دەڵێت: "زیاتر لە 100 جووتیار بە یەک وەجبە پارەکەیان وەردەگرن."
رۆژی دووشەممە، 1ـی حوزیرانی 2026، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم جووتیارانە پێشتر ناویان لە پڕۆسەی بەبازاڕکردندا هەبوو. جووتیارەکان لەو ساڵەدا بە سێ قۆناخ پارەکەیان وەرگرت، بەڵام ئەم ژمارەیە کێشەیان بۆ دروستبوو و هەربۆیە شایستەکەیان وەرنەگرت، بەڵام بەم دواییە رەزامەندی درا کە ناویان بخرێتە ناو لیستی شایستە داراییەکانەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو جووتیارانەی رەزامەندییەکەیان بۆ گەڕاوەتەوە "زیاتر لە 100 جووتیارن و بڕیارە رۆژی سێشەممە بە یەک وەجبە پارەکەیان وەربگرن."
سایلۆی هەولێر دەڵێ، پێویستە جووتیاران پابەندی ئەم رێکارە یاساییانەی خوارەوە بن:
یەکەم: ئەو کەسەی چەکەکە بەناوییەوەیە، دەبێت خۆی ئامادە بێت بۆ وەرگرتنی چەکەکە.
دووەم: لە ئەگەری ئامادەنەبوونی خاوەن چەک، دەبێت بریکارەکەی (وەکالە) بریکارنامەیەکی پەسندکراوی ئەم ساڵی 2026ی پێبێت.
سێیەم: ئەگەر خاوەن چەکەکە کۆچی دوایی کردبێت، دەبێت وارس دابەشنامەی یاسایی یان شەرعی، لەگەڵ بریکارنامەی گشتیی هەموو وارس پێشکەش بکات.

