رووداو دیجیتاڵ
ناوەندە کەشناسییەکانی جیهان دەڵێن، ئەمساڵ ئەگەری دیاردەی ئێڵ نینۆی بەهێز (یان سوپەر ئێڵ نینۆ) هەیە و سەبارەت بە کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستانیش، شارەزایەکی کەشوهەوا بە رووداوی راگەیاند، دیاردەکە کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەبێت، بەڵام نە دەبێتە هۆی بارانی زۆر و نە وشکەساڵیش؛ دەشڵێت، باشترە جووتیاران پەلە لە چاندنی گەنمدا نەکەن.
دووشەممە، 1ی حوزەیرانی 2026، د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشوهەوا سەبارەت بە کاریگەری دیاردەی ئێڵ نینۆ بە رووداوی راگەیاند، "پلەی گەرما بەرزتر دەبێت و ئەگەری بەفر کەمتر دەبێ وەک لە ساڵانی لانینا. رێژەی باران لە ئاستی نۆڕمال دەبێت و هەندێجاریش لەو ساڵانەی کە ئێلنینۆی بەهێز بووە باران لە نۆڕماڵ کەمتر بووە، بەڵام وشکەساڵی نەبووە وەک وەرزی 1982_1983".
زانایانی بواری کەشوهەوا هۆشداری دەدەن کە ساڵی 2026 جیهان رووبەڕووی شەپۆلێکی بەهێزی دیاردەی "ئێل نینیۆ" دەبێتەوە، کە پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاری گەورە لە سیستمی کەشوهەوای جیهانی و بەتایبەت لە عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا دروست بکات.
دیاردەی ئێل نینیۆ بەهۆی سستبوونی با کاتییەکان و کۆبوونەوەی ئاوی گەرم لە ناوەڕاستی زەریای هێمندا روودەدات، ئەمەش کاریگەری راستەوخۆ دەکاتە سەر رێڕەوی با و هەورە باراناوییەکان لە سەرانسەری جیهاندا. بۆ ساڵی 2026، پێشبینی دەکرێت ئەم دیاردەیە بە بەهێزی دەربکەوێت، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەسەر ئاستی جیهان و تێکچوونی هاوسەنگیی بارانبارین؛ بە جۆرێک کە ناوچە وشکەکان رووبەڕووی لافاو ببنەوە و ناوچە شێدارەکانیش تووشی وشکەساڵی ببن.
سەبارەت بە کاریگەریی دیاردەکە لەسەر وەرزی بارانی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان، شارەزاکەی کەشوهەوا گوتی: "ئەوە پشت بە چەندین دیاردەو هۆکاری دیکە دەبەستێ و تەنیا ئێل نینۆ و لانینا بڕی باران دیاری ناکات، بەڵکو پێویستە بزانین دیاردەکانی دیکەش چۆن دەبن، بەڵام بە گشتی و بەپێی داتای بەردەست ئەگەر ئێل نینۆ بێ و زەریای هیندی پۆزەتیڤ بێت و زەریای ئەتلەسی نەرێنی بێت، ئەوا باران سەروو نۆڕمال دەبێت."
ئەو شارەزایەی کەشناسی بۆ وەرزی داهاتووی بارانبارین پێشبینی دەکات، کە زۆر نابێت و نزیک دەبێت لە نۆڕماڵ، بەڵام وشکەساڵی نابێت. گوتیشی: "زۆربەی ئەو ساڵانەی ئێلنینۆی بەهێز بووە باران زۆر نەبووە و وشکەساڵیش نەبووە".
سەبارەت بە کاریگەری دیاردەکە لەسەر کشتوکاڵ، د. لوقمان موفتی گوتی: "باشتر وایە جووتیارەکان زوو تۆوی دانەوێڵە نەکەن، چونکە گەرم دەبێ و ئەگەر هەیە زوو دەخڵ و دان گوڵ بداو دواتر شەختەی بەهارە زەرەری پێ بگەیەنێ، بۆیە زەرەر بۆ جوتیار لە شەختەی بەهارەیە زیاتر لەگەڵ تەزرە"؛ گوتیشی: "مەترسی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دەکرێ بەتایبەتی ئەو نەخۆشیانەی کە مێشوولە بڵاوی دەکەنەوە، چونکە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما وادەکا مێشوولە بگاتە ئەو شوێنانەی کە پێشتر لێی نەدەژیا لەبەر سەرما".
ساڵانە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا ناوە ناوە خۆڵباران روودەدات. بە گوتەی شارەزاکەی کەشوهەوا، ئێڵ نینۆش کاریگەری لەسەر خۆڵباران هەیە بەڵام پێشبینی دەکات "ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش تۆز و خۆڵ کەم بێتەوە بەهۆی بارانە زۆرەکانی ئەمساڵ و ئەگەری بارانی نزیک ئاسایی لە وەرزی داهاتوو".
بەهێزترین وەرزەکانی ئێڵ نینۆی بەهێز وەرزەکانی (1982_1983، 1997_1998 و 2015-2016) بووە. زۆرترین دابارین لەو وەرزانە بووە، کە ئێلنینۆی ئاسایی و مامناوەند و لاواز بووە نەوەک ئێڵ نینۆی زۆر بەهێز.

