رووداو دیجیتاڵ
دەنگۆی دەستگیرکردنی حوسێن یەزدان پەنا، سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە هەولێر، لە سۆشیال میدیا بڵاو بووەتەوە، بەڵام بەرپرسێکی باڵای حیزبەکە دەڵێت: "هەواڵەکە ناڕاستە و شەڕی هەواڵگرییە".
ئەدیب خالیدیان، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی ئازادیی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانە و دروستکردنی دەنگۆی لەو شێوەیە، هەوڵێکی ئێرانە بۆ ئەوەی کاک حوسەین دەربکەوێت و شوێنی ئاشکرا بێت".
دەنگۆکان وا بڵاوکراونەتەوە کە حوسێن یەزدان پەنا، سەرۆکی پارتی ئازازدیی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێرەوە دەستگیر کرابێت.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی (پاک) لە بارەی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵەوە دەڵێ، ئەو پێگانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو هەواڵەیان بڵاوکردووەتەوە، "بە فەرمانی ئێران بڵاوی دەکەنەوە، هەندێکیش بۆ بەدەستهێنانی خوێنەر بەبێ لێکۆڵینەوە بڵاوی دەکەنەوە".
ئەدیب خالیان ئاماژەی بەوەکرد، ئەوە جاری یەکەم نییە هەواڵی هاوشێوە دژی سەرۆکەکەیان بڵاوبکرێتەوە. بە گوتەی ئەو، ئەوەی لەسەر حوسێن یەزدان پەنا بڵاو دەکرێتەوە بەشێکی "شەڕی هەواڵگرییە بۆ دەسکەوتنی زانیاریی، چونکە کاک حوسێن لەسەرەتای شەڕەوە دەرکەوتنی لە میدیاکان نەبووە".
لە ماوەی شەڕی 4 رۆژەی نێوان ئەمریکا و ئێران، چەندینجار بارەگاکانی ئەو حیزبە بۆردوومانکران، تەنانەت دوای ئاگربەستیش ئێران بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی بارەگاکانی ئەو حیزبە و حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)