رووداو دیجیتاڵ گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئاماژەی بەوەدا، "ناکرێ عینادی هەندێک لایەن هەروا بەردەوام بێت و دەبێت بڕیار بدرێت بۆ دەرچوون لەم چەقبەستووییە". مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "پارتی هیچ کات گفتوگۆی رەتنەکردووەتەوە". مەحموود محەممەد لەبارەی قسەکانی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی مامەڵەکردن بە ژمارەی کورسییەکان ئاماژەی بەوە کرد، "هەموو ئەو بابەتانە دەمێنێتەوە بۆ کاتی گفتوگۆ". رۆژی 20ی تشرینی دووەمی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، بەڵام تاوەکو ئێستا کابینەی نوێی حکومەت پێکنەهێنراوە و پارتی و یەکێتی رێکنەکەوتوون. رۆژی دووشەممە، 01-06-2026 بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیدا رایگەیاند، بە ژمارەی کورسییەکان مامەڵە لەگەڵ لایەنەکان دەکات و "ئێستا لەگەڵ پارتی 39 کورسی بە 39 کورسیمان هەیە". بافڵ تاڵەبانی گوتیشی، "داوای نیوەی پۆستەکانی حکومەت دەکەین".