رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی تەنیا دوو مانگدا، بەهای هەناردەکردنی کاڵا لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخانەوە 97 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە؛ هاوکات دەروازەکە وەک دووەم گرنگترین رێڕۆی ترانزێتی ئێران لە پلەبەندییەکاندا ماوەتەوە.
حوجەتوڵڵا چاوەشی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی پەروێزخان لە دیوی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ میدیا فەرمییەکانی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی نێوان 20ـی ئاداری 2026 تاوەکو 20ـی ئایاری 2026، کۆی گشتیی بەهای هەناردەی کاڵا لەو دەروازەیەوە گەیشتووەتە 97 ملیۆن دۆلار.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی پەروێزخان، لەو دوو مانگەدا کێشی ئەو کاڵا هەناردەکراوانە زیاتر لە 302 هەزار تۆن بووە.
سەبارەت بە جووڵەی ترانزێتیش، چاوەشی ئاشکرای کرد، لە هەمان ماوەدا، بە بەهای 148 ملیۆن و 891 هەزار دۆلار کاڵا لە رێگەی ئەو دەروازەیەوە ترانزێت کراوە، کە کێشەکەیان بە نزیکەی 200 هەزار تۆن دەخەمڵێندرێت.
بەڕێوەبەری گومرگی پەروێزخان جەختی لە گرنگیی ئەم سنوورە کردەوە و گوتی: "گومرگی پەروێزخان یەکێکە لە گرنگترین گومرگە سنوورییەکان و بە دووەم دەروازەی سەرەکیی ترانزێت لەسەر ئاستی ئێران دادەنرێت."
پار لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخانەوە، بە بەهای زیاتر لە 790 ملیۆن دۆلار کاڵا هەناردەی عێراق کراوە. دەروازەکە لە ساڵانی رابردوودا بەردەوام لە پلەی دووەمی گومرگەکانی ئێراندا بووە لەسەر ئاستی هەناردەکردن.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)