رووداو دیجیتاڵ
دەیان کەس لە زاخۆ، کە زۆربەیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن، دوای ئەوەی بۆ وەرگرتنی ڤیزەی ئەورووپا پارەیەکی زۆریان لە نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو داناوە، ئێستا نە ڤیزەیان بەدەست هێناوە و نە پارەکەیان بۆ دەگەڕێتەوە.
کەیسەکە لە دادگەیە و چەندین کەس تۆمەتبارن، بەڵام زیانبەرکەوتووان دەڵێن پرۆسەکە بە خاوی بەڕێوەدەچێت و ترسیان لە ونبوونی پارەکەیان هەیە.
سکاڵاکاران دەڵێن، بەڵێنی وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتانی وەک سربیا و ئەڵمانیایان پێدرابوو لە ماوەیەکی کورتدا. بڕی پارەکە لە 3 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات و دەگاتە زیاتر لە 70 هەزار دۆلار بۆ هەر کەسێک.
عومەر مەحموود، یەکێک لە سکاڵاکاران، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە رێبوار عەلی پێشکێشی کرد، گوتی: "من و کچەکەم و زاواکەم 10 دەفتەر دۆلارمان لە 17-9-2023 دایە نووسینگەکە. پێیان گوتین رێگەکە یاساییە و لە دوو مانگدا ڤیزەکان دەگەن، بەڵام دوو ساڵە چاوەڕێین و هیچمان دەستنەکەوتووە." عومەر باس لەوە دەکات کە بەهۆی ئەم کێشەیەوە "کەوتووەتە سەر شەقام".
مەسعود مەحموود، سکاڵاکارێکی دیکەیە و دەڵێ، 17 هەزار و 500 یۆرۆی داوەتە نووسینگەکە. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: "ئۆتۆمبێلەکەم فرۆشت، 130 وەرەقەم قەرز کرد و زێڕی هاوژینەکەیشم فرۆشت تاوەکو ئەو پارەیەم کۆکردەوە. ئێستا خاوەن قەرزەکان داوای پارەکانیان دەکەنەوە و تووشی کێشەی گەورە بووم."
سکاڵاکاران جەخت لەوە دەکەنەوە کە مامەڵەی راستەوخۆیان لەگەڵ نووسینگەی "ش" و خاوەنەکەی بەناوی "ش. ت" کردووە و پسوولەی وەرگرتنی پارەیان لایە. بەشێک لە پسوولەکانیشیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نارد.
دوو لایەنی سەرەکی لەم کەیسەدا تۆمەتبار دەکرێن: نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی "ش" و کۆمپانیای "س" کە کاری دابینکردنی ڤیزەیان کردووە.
پارێزەری خاوەنی نووسینگەکە دان بەوەدا دەنێت کە "هەڵەیەکیان کردووە،" کاتێک پارەی خەڵکیان پێش دەرچوونی ڤیزەکان رادەستی کۆمپانیاکە کردووە. ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی گوت: "خاوەنی نووسینگەکە متمانەی بە بریکاری کۆمپانیاکە کردووە کە هاوڕێی کۆنی بووە و پێشتریش کاری ڤیزەی بۆ کردووە." بە گوتەی پارێزەرەکە، پارەکە لە کەمتر لە هەفتەیەکدا لە نووسینگەکە براوەتە دەرەوە و قازانجی نووسینگەکە تەنیا 2% بووە.
لە بەرامبەردا خەتاب عومەر، بریکاری کۆمپانیای "س" لە (بەرپرسیار)دا رەتیکردەوە پارەی خەڵک لای کۆمپانیاکەیان بێت و گوتی: "رێککەوتنی ئەو خەڵکە لەگەڵ نووسینگەکە بووە، نەک کۆمپانیا. ئێمە پێشتر 86 ڤیزەمان بۆ نووسینگەکە دابینکردووە و هێشتا نووسینگەکە 150 هەزار یۆرۆ قەرزداری کۆمپانیاکەمانە."
لەم کەیسەدا پێنج کەس تۆمەتبارن. خاوەنی کۆمپانیاکە کە بە تۆمەتباری سەرەکی دادەنرێت، دوای گەڕانەوەی لە دەرەوەی وڵات دەستگیرکراوە. خاوەنی نووسینگەکە و تۆمەتبارێکی دیکە لە هەمان نووسینگە بە کەفالەت ئازادکراون.
فەلاح سلێمان، سەرۆکی سەندیکای ئاڵوگۆڕی دراو لە زاخۆ، لە (بەرپرسیار)دا گوتی، نووسینگەکە ئامانجی سەرەکیی "ئەوە بووە کە روویدا".
بەدران، یەکێک لە قوربانییەکان، دەڵێت: "دوو ساڵە سکاڵا دەکەین، بەڵام هیچ ئەنجامێک نییە. نووسینگە دەڵێ پارە لای من نییە، قاچاخچیش دەڵێت پارە لای من نییە."
کەیسەکە هێشتا لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدایە و دادگەی زاخۆ هەوڵ دەدات چارەنووسی پارە ونبووەکە ئاشکرا بکات و ئەو کەسانە سزابدات کە لەپشت ئەم کارەوەن، لە کاتێکدا دەیان خێزان چاوەڕێی گەڕانەوەی ئەو پارەیە دەکەن کە هەموو سەرمایەی ژیانیان بووە.


